رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستمی هاتوچۆی ئاسمانیی بەریتانیا و هەوڵدان بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، سەدان گەشت هەڵوەشانەوە.
رۆژی چوارشەممە 09-09-2026 ماڵپەڕی (فلایت رادار 24) بۆ چاودێریی فڕۆکەکان بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە 1,300 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی بەریتانیا هەڵوەشابوونەوە، بۆ رۆژی چوارشەممەش 177 گەشتی دیکە هەڵوەشاونەتەوە. زۆربەی ئەو گەشتانەی رۆژی چوارشەممە هەڵوەشاونەتەوە، پەیوەندییان بە فڕۆکەخانەی هیسڕۆوە هەبووە لە لەندەن.
دەزگای خزمەتگوزاریی هاتووچۆی ئاسمانیی نیشتمانی (NATS) رایگەیاند، شەوی سێشەممە کێشە تەکنیکییەکە چارەسەر کراوە، بەڵام تیمەکان هێشتا کار بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان دەکەن و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ دۆخی ئاسایی کاتی دەوێت.
فڕۆکەخانەی هیسڕۆ لە شەوی سێشەممەوە دەستپێکردنەوەی گەشتە دەرچووەکانی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی کێشە تەکنیکییەکە ناچاری کردبوو فڕۆکەخانەکە پێشوازیکردن لە گەشتە هاتووەکان رابگرێت. سەرەڕای ئەوەش، فڕۆکەخانەکە هۆشداریی داوە، پێشبینی دەکرێت ئاستەنگییەکان بەردەوام بن.
فڕۆکەخانەی گاتویك لە باشووری لەندەن، هەروەها فڕۆکەخانەکانی لیڤەرپووڵ، بێرمینگهام و ئێدنبرە کەوتنە بەر کاریگەریی کێشەکە، لە کاتێکدا فڕۆکەخانەی دەبڵنیش لە ئایرلاند هەڵوەشاندنەوەی دەیان گەشتی راگەیاند.
هێڵی ئاسمانیی بەریتانی ناچار بوو زیاتر لە 100 گەشت هەڵوەشێنێتەوە یان ئاراستەیان بگۆڕێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەیان هەزار گەشتیار دروستکرد. هەروەها کۆمپانیای رایان ئێیەر رایگەیاند، زیاتر لە 50 گەشتی هەڵوەشاندووەتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 65 هەزار گەشتیار تووشی ئاستەنگی بوون.
بەهۆی دواکەوتنی گەشتی یانەکەیانەوە، یانەی تۆپی پێی ئارسیناڵ ناچار بوو کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر ناپۆلی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا هەڵوەشێنێتەوە، کە بڕیار بوو لە باشووری ئیتالیا بکرێت.
هایدی ئەلیکساندەر، وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێ دڵنیابن لەوەی وانە لەم رووداوانە چارەسەر دەکرێن و سیستمەکان توانای بەڕێوەبردنی کارەکانیان هەیە.
لە بەرامبەردا، نیڵ مەکماهەن، بەرپرسی جێبەجێکاری رایان ئێیەر داوای کرد مارتن رۆڵف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (NATS) لە کارەکەی دوورخرێتەوە و تۆمەتباری کرد بەوەی، جارێکی دیکە "شکستی بە گەشتیارانی بەریتانیا هێناوە".



