رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە سەرکەوتنە "زۆر گەورە"کەی بزووتنەوەی راستڕۆی تووندڕۆی ئەڵمانیا کرد، دوای ئەوەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنی هەرێمیی ئەو وڵاتەدا سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراوی بەدەستهێنا.
رۆژی سێشەممە 08-09-2026 ترەمپ لە (تروس سۆشیاڵ) نووسی: "پارتی پۆپۆلیست لە ئەڵمانیا شەوێکی زۆر گەورەی بەڕێکرد." دواتریش رەخنەی تووندی لە یاسا و رێکارەکانی کۆچبەری لەو وڵاتە گرت و گوتی: "دواجار ئەوان بێزار بوون لەو یاسا و رێکارە تەواو ترسناکانەی کۆچبەری کە زیانێکی زۆریان بە ئەڵمانیا گەیاندووە."
ئەو پۆستەی ترەمپ کە تێیدا ئاهەنگ دەگێڕێت و ناوی پارتەکەی بە دیاریکراوی نەهێناوە، دوای دوو رۆژ دێت لە دەرکەوتنی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا وەک گەورەترین پارت لە هەڵبژاردنی هەرێمی زاکسن-ئەنهالت لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە دژە کۆچبەر، نزیک لە رووسیا و لایەنگری ترەمپە، نزیکەی 44٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەڵێنیشی داوە، "هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی کۆچبەران" دەستپێبکات.
ئەگەری پێکهێنانی یەکەم حکومەتی راستڕۆی تووندڕۆ لە هەرێمێکی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای چەندین کۆچبەر و گرووپی کەمینە دروستکردووە.
لقی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە زاکسن-ئەنهالت لەلایەن دەزگەی هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیاوە وەک گرووپێکی "راستڕۆی تووندڕۆ" پۆلێن کراوە، ستافەکەی ئولریش زیگمۆند، بەربژێرە سەرەکییە سەرکەوتووەکەی پارتەکەش، وەک ئەندامانی پێشووی رێکخراوێکی قەدەخەکراوی نیۆ-نازی ناسراون.
لایەنگرانی ترەمپیش خۆشحاڵیی خۆیان بۆ پارتەکە دەربڕیوە؛ ریچارد گرێنێل، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، ئەنجامەکانی بە "رۆژێکی نوێ لە ئەڵمانیا" وەسفکرد، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری بواری تەکنەلۆژیاش لە یەکەمین کەسەکان بوو کە پیرۆزبایی سەرکەوتنی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بکات و نووسی"دەستخۆش."
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئەوان لە هەڵکشانن و چیدی قبووڵی ناکەن."



