رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، رۆژئاوا هەڵەی کردووە و ناتوانێت چیتر بە شێوەیەکی دەستکرد پارێزگاری لەو هەژموونە بکات کە زیاتر لە 500 ساڵە بەسەر جیهاندا هەیەتی. ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژئاوا دەبێت لە پێشبڕکێیەکی دادپەروەرانەدا بەرگری لە پێگەی خۆی بکات، بەڵام بە درێژایی ئەوەى نەکردووە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەى رایگەیاند، رۆژئاوا هەمیشە ویستوویەتی رووسیا پارچەپارچە بکات تاوەکو بتوانێت سەرچاوەکانیان بقۆزێتەوە و گوتیشی: "رۆژئاوا هەرگیز لە تەواوی مێژووی خۆیدا بە دادپەروەری و بەبێ قۆستنەوەی ئەوانی دیکە، گەشەی نەکردووە و نەژیاوە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانى رۆژهەڵات، لاڤرۆڤ گوتی: "بە ڕێکەوت نییە هەڵۆکەی سەر دروشمی وڵاتەکەمان دوو سەری هەیە، یەکێکیان رووی لە رۆژئاوایە و ئەوی دیکە لە رۆژهەڵات؛ ئێمە بە وردی چاودێری هەردوو ئاراستەکە دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، لەم قۆناخەدا هەموو دەرفەتە سوودبەخشەکان لە رۆژهەڵاتدان، بەتایبەتی لەگەڵ چین پێکەوە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان و ژیریی دەستکرد کار دەکەن و هیچ نهێنییەکی تەکنەلۆژییان لەنێواندا نەماوە.
لاڤرۆڤ باسی لەوەش کرد کە وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت کات بۆ کیێڤ بکڕنەوە تاوەکو "رژێمە لەرزیوەکەی ئۆکراینا" بۆ ماوەیەکی دیکە لەسەرپێ راگرن. سەبارەت بە بەریتانیاش گوتی: "دڵم بۆ بەریتانیا دەسووتێت، چونکە دەڵێن تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ئۆکراینا دەمێنینەوە، لە کاتێکدا کۆتایی ئۆکراینا دڵخۆشکەر نییە." هەروەها رەخنەی لە دابەزینی ئاستی سیاسییەکانی ئەورووپا گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای سەرەتای سەدەی 21وە، کەسایەتییە کاریزماییەکان لەنێو نوخبەی سیاسیی رۆژئاوادا نەماون.
وەزیری دەرەوەی رووسیا دووپاتیکردەوە، ئەگەر رۆژئاوا رێگری لە دەستپێشخەرییە هاوسەنگ و سازانەکان بکات، ئەوا مۆسکۆ ئامانجەکانی نەک لەسەر مێزی دانوستاندن، بەڵکو لە گۆڕەپانی جەنگدا دەپێکێت. گوتیشی، ئێستا هێزەکانی رووسیا لەسەر هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ بەردەوامن لە پێشڕەویی جێگیر و بێوچان بەرەو ئامانجە دیاریکراوەکانیان.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە ئاستێک کە لە دوای جەنگی ساردەوە هاوشێوەی نەبووە.
رووسیا لە رێگەی گرووپی (بریکس)ەوە کار بۆ دروستکردنی جیهانێکی فرەجەمسەر و ئابوورییەکی ئازاد دەکات، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بەردەوامن لە چڕکردنەوەی سزا ئابوورییەکان و پاڵپشتییە سەربازییەکانیان بۆ کیێڤ. مۆسکۆش دەڵێ رۆژئاوا لە رێگەی سزاکان و دەستێوەردانی سەربازییەوە، تەنیا دەیەوێت پارێزگاری لە دوایین دەرفەتەکانی بکات بۆ مانەوەی زاڵبوونی بەسەر جیهاندا.



.avif&w=3840&q=75)