رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا بڕیاری داوە سزا بەسەر ئەو کۆمەڵگە جوونشینانەدا بسەپێنێت لە کەرتی رۆژئاوا بە شێوەیەکی نایاسایی دروستکراون. ئەم بڕیارەش دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی تووڕە کردووە.
بۆچی بەریتانیا ئەم بڕیارەی داوە؟
دوای دەستلەکارکێشانەوەی کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا هەڵوێستێکی تووندتری بەرامبەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل گرتووەتەبەر.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، جووی هاوردە هێرشی زۆری کردووەتە سەر گوندەکانی فەلەستین. بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا نیگەرانن لەوەی ئەم کارانە دەرفەتی دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستین لەنێوببەن.
ئیسرائیل پلانی داناوە زیاتر لە هەزار و 200 خانووی نوێ لە ناوچەیەک دروست بکات کە رێگەی نێوان شارە فەلەستینییەکان لە یەکدی دەپچڕێنێت و کەرتی رۆژئاوا دەکاتە دووبەشەوە، بەمەش بەدیهێنانی خەونی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین زەحمەتتر دەبێت.
ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، ئەمە "بەزاندنی هێڵی سوورە".
سزاکان چین؟
سزاکان زیاتر بازرگانین، واتە بەریتانیا رێگری دەکات لە هاوردەکردنی ئەو کەلوپەل و بەرهەمانەی لەو کۆمەڵگە جوونشینە نایاساییانەدا بەرهەمدەهێندرێن. بەڵام بەرپرسانی بەریتانیا دەڵێن: "ئەمە بایکۆتکردنی هەموو ئیسرائیل نییە، چونکە ئیسرائیل هێشتا هاوبەشێکی گرنگی بازرگانیمانە."
ئیسرائیل چی دەڵێت؟
• ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل نیگەرانە و دەڵێت بەریتانیا بەم بڕیارەی خۆی دەخاتە "بەرەی هەڵەی مێژووەوە".
• بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی داوە سەرەڕای هەموو گوشارەکان، بەردەوام بێت لە دروستکردنی خانووی زیاتر بۆ جووەکان لەو ناوچانەدا.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دروستکردنی کۆمەڵگەی جوونشین لەسەر خاکی فەلەستین بە نایاسایی دادەنرێ.
لە کەرتی رۆژئاوا نزیکەی 3 ملیۆن فەلەستینی دەژین، لە بەرامبەردا زیاتر لە 500 هەزار ئیسرائیلی لەنێو ئەو کۆمەڵگە جوونشینە نایاساییانەدا جێگیر کراون.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە کۆتایی 2023ـەوە، زیاتر لە هەزار و 100 فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا بە دەستی سوپا و جووی هاوردە کوژراون.



