رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی "داعش تەنیای کردم"، کە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا سێیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و لە خەڵاتەکانی ئۆنیرۆس بۆ فیلم وەک باشترین فیلمی درێژ دەستنیشانکرا.
بڕیارە رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2026، بەڵگەفیلمەکە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایش بکرێت.
خەڵاتی فیلمی ئۆنیرۆس (Oniros Film Awards®️) پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتییە و بارەگای سەرەکیی لە شاری نیویۆرکە. ئەم پێشبڕکێیە مانگانە بەڕێوەدەچێت و لەلایەن بنکەی داتای فیلمەکانی بەردەست لەسەر ئینتەرنێت (IMDb) بە فەرمی ناسێندراوە، کە ئامانجی دۆزینەوە و پشتیوانیکردنی دەرهێنەرە بەهرەمەندەکان و بەرهەمە سینەماییە ناوازەکانە لە سەرانسەری جیهاندا. هەموو 3 مانگ جارێک، فیلمە براوەکان لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری نیویۆرک نمایش دەکرێن.
تاوەکو ئێستا بەڵگەفیلمی "داعش تەنیای کردم" لە 4 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمدا ناساندنی فەرمی بەدەستهێناوە. فێستیڤاڵەکانی دیکە بریتین لە بردنەوەی دوو خەڵات لە فێستیڤاڵی فیلمی جیهانی (Global Film Festival Awards)، بەربژێربوون بۆ بردنەوەی خەڵات لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فالکۆن (Falcon International Film Festival) و هەڵبژاردنی فەرمی لە فێستیڤاڵی فیلمی مافی مرۆڤی نیویۆرک (New York Human Rights Film Festival).
فیلمەکە چیرۆکی کچێکی کوردی تەمەن 14 ساڵان دەگێڕێتەوە، کە خەڵکی سلێمانییە و خەونی ئەوەیە ببێتە پزیشک. کاتێک خێزانەکەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ دایکی گەشت بۆ تورکیا دەکەن، گەشتەکەیان کە بە پڕ لە هیوا دەستی پێ کردبوو، رووبەڕووی وەرچەرخانێکی کارەساتبار دەبێتەوە.
بەڵگەفیلمەکە لە دەرهێنانی سالار رەزا سەعیدە، کە رۆژنامەڤانێکی کوردە و خاوەنی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونە لەو بوارەدا. سالار لە ساڵی 2012ـەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو دەستبەکار بووە و ئێستا بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانیی تۆڕی میدیایی رووداوە.
خەڵاتکردن و نمایشکردنی بەردەوامی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، توانای بەرهەمهێنانی تۆڕەکە لەسەر ئاستی جیهانی پشتڕاست دەکاتەوە. تۆڕی میدیایی رووداو پابەند دەبێت بە گێڕانەوەی چیرۆکەکان بە بەرزترین ستانداردی پیشەیی.


