رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 06-09-2026، دەنگدەرانی ئەڵمانیا لە هەرێمێکی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنێکی هەرێمیی گرنگ، کە پێشبینی دەکرێت پارتی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا - AfD)ـی راستڕۆی تووندڕۆ و دژی کۆچبەران، بەئاسانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
سەرەڕای ئەوەی راپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەو پارتە لە هەرێمی ساکسۆنی-ئەنهالت زیاتر لە 40٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، بەڵام هێشتا مسۆگەر نییە کە بتوانێت زۆرینەی رەها بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بەتەنیا حکومەتی هەرێمەکە پێکبهێنێت.
ئەگەر پارتەکە ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنێت، دەبێتە یەکەمجار لە دوای سەردەمی نازییەکان و جەنگی جیهانیی دووەمەوە کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆ دەسەڵات لە هەرێمێکی ئەڵمانیادا بگرێتەدەست، ئەمەش پارتە سەرەکییەکان و کەمینەکانی نیگەران کردووە.
سندووقەکانی دەنگدان لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە کراونەتەوە و نزیکەی 1.7 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. ئەو هەرێمە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 2.1 ملیۆن کەسە، ئێستا لەلایەن پارتی (CDU) بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتسی راوێژکار و بە هاوپەیمانی لەگەڵ دوو پارتی بچووکتر بەڕێوەدەبرێت.
هەموو پارتە سەرەکییەکان بڕیاریانداوە هیچ هاوپەیمانییەک لەگەڵ پارتی (AfD) نەکەن، کە لقی پارتەکە لەو هەرێمە لەلایەن دەزگەی هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیاوە وەک "راستڕۆی تووندڕۆ" پۆلێن کراوە.
لە بەرامبەردا، ئولریش زیگمۆند، بەربژێری سەرەکیی پارتی (AfD)، متمانەی خۆی بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگ نیشاندا و بە رۆژنامەی بیڵدی گوت: "ئەگەر هیچ کەسێک نەیەوێت لەگەڵمان کار بکات، ئەوا ئێمە بەتەنیا دەیکەین."
سەرکەوتنی بەهێزی ئەم پارتە تووندڕۆیە، گوشارەکانی سەر مێرتس زیاتر دەکات کە پێشتر بەڵێنی بووژاندنەوەی ئابووری و سنووردارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی دابوو.
بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی (AfD) بریتین لە "هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران،" قەدەخەکردنی ئاڵای پەلکەزێڕینە لە قوتابخانە گشتییەکان، راگرتنی دروستکردنی کێڵگەی نوێی وزەی با و گۆڕینی پەرتووکەکانی مێژوو لە قوتابخانەکان.
دوایین راپرسی کە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن کەناڵی (ZDF)ـەوە بڵاوکرایەوە، دەریدەخات پارتی (AfD) 41٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. لە بەرامبەردا پارتی (CDU) 23٪، پارتی چەپ (Die Linke) 11.5٪، پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) 8.5٪ و سەوزەکان 6٪ بەدەستدەهێنن.
ئەگەری پێکهێنانی حکومەت لەلایەن راستڕۆ تووندڕۆکانەوە، رۆژی شەممە هەزاران کەسی لە ماگدێبۆرگی پایتەختی هەرێمەکە هێنایە سەر شەقامەکان و دروشمی "ژیان بێ نازییەکان باشترە"یان بەرزکردەوە. پۆلیسیش بەهۆی ترسی دروستبوونی گرژی دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، هێزێکی زۆری لە شارەکە بڵاوەپێکردووە.
.jpg&w=3840&q=75)


