رووداو دیجیتاڵ
مانگی ئەیلوولی 2026 بۆ ئەڵمانیا تەنیا مانگێکی ئاسایی نییە، بەڵکو مانگی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی سیاسیی چەندین هەرێمی گرنگی وەک بەرلین و ساکسن ئانهاڵتە.
شەقامەکانی ئەم هەرێمانە بە وێنە و دروشمی جیاواز تەنراون، بەڵام سێبەرێکی گەورە بەسەر ئەم هەڵبژاردنەدا دەبینرێت، ئەویش بەرزبوونەوەی بێپێشینەی دەنگی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیایە کە بە هەڵوێستە تووندەکانی دژی کۆچبەران دەناسرێت.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئینفراتێست دیماپ، چاوەڕوان دەکرێت ئەم پارتە لە هەرێمی ساکسن ئانهاڵت 41٪ی دەنگەکان بباتەوە، کە ئەمە نەک هەر لەسەر ئاستی هەرێمی، بەڵکو لەسەر ئاستی فیدراڵیش بووەتە جێگەی دڵەراوکێی پارتە دیمۆکراتەکان.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بە زیادبوونی رێژەی تاوان دەکەن.
پار 5.5 ملیۆن تاوان تۆمارکراون کە 36٪ی دەستگیرکراوەکان پەناخواز بوون. ئەم داتایانە بوونەتە کەرەستەیەکی بەهێز بۆ پارتە راستڕەوەکان تاوەکو لە رێگەی پڕوپاگەندەی میدیاییەوە سەرنجی دەنگدەران بۆ لای خۆیان رابکێشن.
لە بەرامبەردا، پارتەکانی وەک کریستیان دیموکرات و سۆسیال دیموکرات رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە، چونکە بەشێکی خەڵک بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانیانەوە ناڕازین. لەم کەشە سیاسییەدا، دەنگی کورد و ئەو بیانیانەی وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە، دەبێتە یەکلاکەرەوە. ئەگەر رێژەی بەشداریی ئەوان بەرز بێت، دەتوانێت رێگری لەوە بکات کە تووندڕەوەکان ببنە زۆرینەی بڕیاردەر، چونکە زۆربەی پارتەکانی دیکە ئامادە نین هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پێکبهێنن.
مارین ئیبراهیم؛ دەنگێک بۆ پاراستنی دیموکراسی و ناساندنی رێڕەوە فەرمییەکانی کار
مارین ئیبراهیم، یەکێکە لە چالاکە کوردەکان لە ناو پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین.
مارین تەنیا ئەندامی بۆردی ئەم پارتەیە، بەڵکو کارمەندی مەکتەبی رێکخستنە لە شارەکەی خۆی.
مارین بە ئەزموونێکی زۆرەوە لە ناو جەرگەی سیاسەتی ئەڵمانیاوە بۆ رووداو دەدوێت و داواکارییەکی هەیە بۆ هەموو ئەو کورد و بیانیانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە: "تەنیا داواکاریم ئەوەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا بکەن، چونکە ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ رێگری لە پارتی تووندڕەوی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا تاوەکو دەسەڵات نەگرێتە دەست."
مارین ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە راپرسییەکان دەنگی زۆریان بۆ راستڕەوەکان داناوە، بەڵام ئەمە تەنیا ئامارە و نابێت ببێتە هۆی بێهیوایی، بەڵکو دەبێت ببێتە هاندانێک بۆ گۆڕانکاری؛ گوتیشی، بە راشکاوی رەخنە لە پڕوپاگەندەکانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەگرێت و دەڵێت، ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی گەورە لە کێشەکان پێشان دەدەن کە لە راستیدا بەو شێوەیە نییە.
مارین بەرگری لە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت، لە کاتی هاتنەسەرکاری ئەوانەوە رێگریی باش لە کۆچی نایاسایی کراوە. بۆ سەلماندنی قسەکانی، پەنا بۆ ئامارەکان دەبات؛ لە مانگی تەممووزی 2024دا 18،503 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە، بەڵام لە هەمان مانگی 2026دا ئەم ژمارەیە بۆ چوار هەزار و 311 کەس دابەزیووە، واتە 77٪ کەمیکردووە.
مارین جیاکردنەوەی کۆچی نایاساییە لە کۆچی فەرمی بۆ مەبەستی کار بە گرنگ دەبینێت. ئەو ئەندامەی بۆردی پارتی کریستیان دیموکرات لەو هەرێمەی ئەڵمانیا روونی دەکاتەوە کە ئەڵمانیا پێویستییەکی زۆری بە دەستی کار هەیە و ساڵانە نزیکەی 105 هەزار ڤیزای کار بۆ بیانییەکان دەردەکات.
مارین دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت خەڵک لە رێگەی فەرمی و کونسوڵخانەکانەوە بێن، زمانی ئەڵمانی بزانن و بڕوانامەیان هەبێت تاوەکو یەکسەر بچنە ناو بازاڕی کارەوە، نەک ببنە بارگرانی بەسەر سۆسیالەوە." ئەو جەخت دەکاتەوە کە تێکەڵبوون و فێربوونی زمان و رێزگرتن لە یاسا، باشترین وەڵامە بۆ پارتە راستڕەوەکان.
لە کۆتاییدا، مارین داوا لە کوردەکان دەکات متمانەیان بە خۆیان هەبێت و بزانن کە بە دەنگەکانیان دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاو لە ئەنجامەکاندا دروست بکەن و رێگری لە هەر هێزێک بکەن کە بیەوێت پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ئەڵمانیا تێکبدات. پەیامی ئەو روونە: "دەنگ بدەن، چونکە دەنگەکەتان بە خەسار ناڕوات و دەتوانێت داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانتان مسۆگەر بکات."
