رووداو دیجیتاڵ
سوێد لەبەردەم یەکێک لە هەستیارترین هەڵبژاردنە گشتییەکانیدایە. دوای چوار ساڵ لە فەرمانڕەوایی حکومەتێک کە زۆرجار بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی تووند بەرامبەر بە کۆچبەران و پەناخوازان تۆمەتبار دەکرا، ئێستا شەقامەکانی ستۆکهۆڵم و شارەکانی دیکە بە وێنە و درووشمی کێبڕکێی پارتەکان تەنراون.
رۆژی 26ـی ئاب، دەنگدانی پێشوەختە دەستیپێکردووە و بڕیارە رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2026، دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکان بەڕێوەبچێت.
بەپێی دوایین راپرسیی ناوەندی دیمۆسکۆپی سوێدی، ململانێی نێوان بلۆکی راستڕۆکان و چەپڕۆکان یەکجار نزیکە. راپرسییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چوار پارتی راستڕۆ و دژە کۆچبەر کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا 50.5٪ـی دەنگەکانیان بردبووەوە، ئێستا بۆ 45.6٪ پاشەکشەیان کردووە. لە بەرامبەردا، ئەو سێ پارتەی پشتیوانی لە مافی پەناخوازان دەکەن و پارتی سۆسیال دیموکرات سەرکردایەتییان دەکات، پێشبینی دەکرێت 51٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەگەری گۆڕانکاری لە کابینەی داهاتوودا، چونکە پێکهێنانی حکومەت لە پەرلەمانە 349 کورسییەکەدا پێویستی بە زیاتر لە 50٪ـی دەنگەکانە. بەپێی سێ بەربژێری کورد و ژمارەیەک راپرسی، نیگەرانییە سەرەکییەکانی دەنگدەران لە دەوری سێ تەوەر دەسوڕێنەوە: ئابووری، زیادبوونی تاوان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. رێژەی بێکاری لە 7٪ـەوە لە ساڵی 2019 بۆ 7.8٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەرکی کابینەی داهاتوو لە هەموو کات قورستر بێت.
سەیران عەسکەری؛ خەبات بۆ یەکسانی و دژایەتیکردنی گوتاری رق و کینە
سەیران عەسکەری، یەکێکە لە کاراکتەرە سیاسییە دێرینەکانی کورد لەناو پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد. ئەو کە زیاتر لە دەیەیەکە لەناو ئەم پارتەدا کار دەکات، ئەمساڵ لە هەر سێ لیستی شارەوانی (ژمارە 28)، ئەنجوومەنی هەرێمی (ژمارە 29) و پەرلەمان (ژمارە 53) بەربژێرە.
عەسکەری چیرۆکی چوونی بۆ ناو جیهانی سیاسەت بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دەیویست لە ناوەندەکانی بڕیاردان بێت نەک تەنیا جێبەجێکار، تاوەکو بتوانێت رەخنە و پێشنیازەکانی بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بگەیێنێت.
سەیران عەسکەری بە نیگەرانییەکی زۆرەوە باسی گۆڕانی روانگەی بەشێک لە سوێدییەکان بەرامبەر بە کۆچبەران دەکات. ئەو دەڵێت، "پێشتر خەڵک پاڵپشتیی کۆچبەرانیان دەکرد، بەڵام ئێستا پارتە راستڕۆکان هەوڵدەدەن هەموو کێشەکان، بەتایبەت زیادبوونی تاوان، ببەستنەوە بە کۆچبەران و سەر رەشەکان".
ئامارەکانی حکومەتی سوێد پێشانی دەدەن، تاوان لە یەک ملیۆنەوە لە ساڵی 2010 بۆ 1.5 ملیۆن تاوان لە ساڵی 2025ـدا بەرزبووەتەوە. عەسکەری دەڵێت: "راستڕۆکان دەڵێن هۆکاری بێکاری و تەقینەوەکان کۆچبەرانن چونکە زمان فێر نابن، بەڵام ئەمە تەنیا پروپاگەندەیە."
یەکێکی دیکە لە کارە لەپێشینەکانی ئەو، رێگریکردنە لە "بەتایبەتکردنی" قوتابخانە و نەخۆشخانەکان. ئەو پێی وایە کەرتی تایبەت تەنیا بیر لە قازانجی خۆی دەکاتەوە و ئەمەش زیان بە هەژاران و خانەنشینان دەگەیێنێت.
عەسکەری داوا لە رەوەندی کوردی دەکات بە جۆش و خرۆشەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و پشتگیری لەو پارتانە بکەن کە باوەڕیان بە یەکسانیی هەموو مرۆڤەکان هەیە، چونکە بە گوتەی ئەو: "جیاوازیی بیرکردنەوە باشە، بەڵام یەکگرتوویی کورد لەم وڵاتەدا هێزمان پێدەبەخشێت".
کۆچەر وەڵەدبەگی؛ تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئابووریی خێزان
کۆچەر وەڵەدبەگی، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکرات سەرنجی تەواوی خستووەتە سەر چەمکی "خۆشگوزەرانیی گشتی". ئەو کە خۆی ئەزموونی چوار ساڵ کارکردنی لە شارەوانی هەیە، جارێکی دیکە خۆی بەربژێر کردووەتەوە تاوەکو بەرگری لەو سیستەمە بکات کە خزمەتگوزارییەکان بە یەکسانی بۆ هەمووان دابین دەکات.
وەڵەدبەگی رەخنەی تووند لە کابینەی پێشوو دەگرێت کە رێگەی بە کۆمپانیا تایبەتەکان داوە لەسەر حیسابی گیرفانی خەڵک و بودجەی دەوڵەت، قازانج لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بکەن.
لەسەر پرسی کۆچبەران، وەڵەدبەگی دیدگەیەکی پراگماتییانەی هەیە و ئاماژە بەوە دەکات، سوێد پێویستی بە 61 هەزار کارمەند و دەستی کاری شارەزا هەیە و پەناخوازان دەتوانن ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە.
بەپێی ناوەندی ئاماری سوێد، لە پێنج ملیۆن کارمەند لە وڵاتەکەیان 1.3 ملیۆنیان کۆچبەر یان نەوەی کۆچبەرانن، وەڵەدبەگی دەڵێت: "نموونەی سەرکەوتووی زۆر هەن کە بەباشی تێکەڵبوون".
یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکانی بەرنامەکەی، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراوە لە رێگەی پەروەردەوە. ئەو پێشنیازی بەهێزکردنی قوتابخانەکان و پۆلیس دەکات تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی منداڵانی تەمەن حەوت بۆ 10 ساڵان بکەونە ناو فەوزای گرووپە تاوانکارییەکانەوە.
لە رووی ئابوورییەوە، وەڵەدبەگی جەخت لە بەهێزکردنی ئابووریی کرێکاران و زیادکردنی هاوکاریی مانگانەی منداڵان دەکات. ئەو دەڵێت: "ئێمە نوێنەری هەموو دانیشتووانی شارەکەین، نەک تەنیا کورد یان عەرەب".
کۆچەر وەڵەدبەگی داوا لە کوردەکان دەکات متمانەیان بە پرۆسەی دیموکراسی هەبێت، چونکە وەک خۆی دەڵێت، "تەنیا بە چەند دەنگێکی کەم دەتوانرێت هاوسەنگیی هێز لە شارەوانییەکاندا بگۆڕدرێت و بڕیاری چارەنووسساز بۆ داهاتووی نەوەکان بدرێت."
کیژان کەریمی: هەڵبژاردنەکە تاقیکردنەوەیەکە بۆ داهاتووی سوێد
کیژان کەریمی، پارێزەر لە شاری ئۆپسالا و بەربژێری سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پەرلەمانی سوێد و ئەنجوومەنی شارەوانی، هەڵبژاردنی ئەمساڵ وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ داهاتووی سوێد دەبینێت.
ئەو دەپرسێت: "ئایا سوێدێکمان دەوێت کە خەڵکەکەی پێکەوە ببەستێتەوە، یان وڵاتێک کە تێیدا جیاوازییەکان زیاتر بن؟". کەریمی کە لە تەمەنی هەرزەکارییەوە لەناو سیاسەتدا گەورە بووە، ئێستا ئەندامی لیژنەی بازاڕی کارە و ئامانجی سەرەکیی پاراستنی مافەکانی ژنان و یەکخستنی کۆمەڵایەتییە.
کەریمی بە رووداوی راگەیاند، دەکرێت کۆچ دەستکەوتێکی گەورە بێت، ئەگەر پرۆسەی تێکەڵکردنی کۆچبەران بە کۆمەڵگە بە دروستی جێبەجێ بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی وەک پەنابەر چوونەتە سوێد، ئێستا لە کەرتی تەندروستی و پیشەسازیدا باج دەدەن و وڵات بنیاد دەنێن، بەڵام هاوکات راشکاوە لەوەی کە "ئەگەر خەڵک زمان فێر نەبن و لە دەرەوەی بازاڕی کار بمێننەوە، کێشەی ئابووری دروست دەبێت."
یەکێک لەو بابەتانەی کەریمی زۆر بە جدی کاری لەسەر دەکات، پرسی گەنجانی نەوەی دووەم و سێیەمی کۆچبەرانە کە هەست بە پەراوێزخستن دەکەن.
ئەو دەڵێت: "نابێت منداڵێک بەهۆی ناوی خۆی یان رەچەڵەکی دایک و باوکی هەست بکات لە دەرەوەی کۆمەڵگەیە، دەبێت پێش ئەوەی تاوانکاران دەستیان پێبگات، ئێمە لە رێگەی قوتابخانە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگەینە لایان".
وەک خانمێکی کورد، کەریمی شانازی بە رەچەڵەکی خۆی دەکات، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەرکی ئەو خزمەتکردنی هەموو سوێدییەکانە و دەخوازێت رەوەندی کوردی وەک دەنگدەرێکی هۆشیار بەشداری بکەن، "چونکە متمانەی وڵاتانی ئەوروپی بە دیموکراسی کاتێک بەهێز دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان دەنگی خۆیان بگەیێنن."
