رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسان رایانگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی کەسێکی دیکەیان لە رووداوی ژێرئاو کەوتنی بەلەمەکەی قوبرس دەرهێناوە، بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 13 کەس بەرزبووەوە و 15 کەسی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
بەلەمی نەفەرهەڵگری فیلۆجێت 267 سەرنشینی هەڵگرتبوو، کاتێک نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 30-08-2026 دوای بەڕێکەوتنی لە بەندەری کایرینیا لە کەناراوەکانی باکووری دوورگەکە وەرگەڕا.
لە کاتی رووداوەکەوە تاوەکو ئێستا، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن بەبێ وەستان بەردەوامن.
بە گوتەی دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیای باکووری قوبرس کە هەرێمێکی جیابووەوەیە و تەنیا لەلایەن ئەنقەرەوە دانی پێدانراوە، دەرهێنانی ئەم تەرمە نوێیە ژمارەی پشتڕاستکراوەی گیانلەدەستدانی گەیاندە 13 کەس.
ئونال ئوستەل، سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور رایگەیاند: "بە دۆزینەوەی تەرمێکی دیکە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ 13 کەس بەرزبووەوە، لە کاتێکدا ژمارەی بێسەروشوێنان ئێستا 15 کەسە."
دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەش کردووە، پاشماوەی بەلەمەکە لە قووڵایی 554 مەتر لە کەناراوەکانی کایرینیا دۆزراوەتەوە.


