رووداو-ئەڵمانیا
یاریزانی بۆکسێنی کورد عەگید گابایل کە پاڵەوانی جیهانە لە کێشی قورس، لە شارەکەی خۆی لە بۆخوم پێشوازیی گەرمی لێکرا و وەک یەکەم کورد ناوی خۆی لە کتێبی زێڕینی شارەکەدا تۆمارکرد.
شاری بۆخومی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ ئاهەنگی بۆ پاڵەوانە جیهانییەکەی گێڕا. عەگید گابایل لە مانگی حوزەیرانەوە پاڵەوانی جیهانی ئەنجوومەنی بۆکسێنی جیهانی (WBC)یە لە کێشی قورس، وەک یەکەم پاڵەوانی جیهانیی ئەڵمانیا دوای ماکس شمێلینگ لە ساڵی 1932ەوە دەناسرێت.
عەگید گابایل لەبارەی ئاهەنگەکەوە رایگەیاند: "ئەم پشتیوانییە هەموو شتێکە بۆ من. ئەمە ژیانی منە. ئەمە هاندەرە بۆ ئەوەی لەنێو رینگدا هەموو توانای خۆم پێشکێش بکەم، چونکە ئێمەی کورد رووبەڕووی زۆردارییەکی زۆر بووینەتەوە. من دەمەوێت ببمە رووناکییەک بۆ هەمووان. هەر بۆیە ئەمە بۆ من هەموو شتێکە. ئەمەیە وایلێکردووم لەسەر پێی خۆم بوەستم. هەر لەبەر ئەمەیە لەنێو رینگدا ئاستی بەرز پێشکێش دەکەم".
عەگید زیاتر قسەی کرد و گوتیشی، "هێزی کوردی، دیسیپلینی ئەڵمانی. بۆخوم نیشتمانی منە. لێرە هەموو شتێکم پێدراوە و هەموو شتێکم بۆ دابینکراوە. ئەمە هەستێکە ناتوانرێت وەسف بکرێت، کە مرۆڤ لێرە لەگەڵ کوردەکانی خۆی و هەروەها لە بۆخوم لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە رۆژی یەکەمەوە پشتیوانییان لێکردووم، ئاهەنگ بگێڕێت."
گابایل، لە بۆخوم گەورە بووە. شارەکەی ئەمڕۆ نەک تەنیا وەک پاڵەوانێکی جیهان، بەڵکو وەک بۆکسێنەرێک کە ناسنامەی کوردیی خۆی بە شانازییەوە هەڵگرتووە، پێشوازیی لێکرد.
یۆرگ لوکات، سەرۆکی شارەوانیی بۆخوم رایگەیاند، بۆخوم شارێکە لە چەندین ناسنامەی جیاواز پێکهاتووە و "عەگید نایشارێتەوە ناسنامەی کوردییە، بەڵام ناشیشارێتەوە ئەڵمانییە و بەتایبەتی ناشیشارێتەوە خەڵکی بۆخومە. بۆیە، دەبێت بە راشکاوی بڵێم، ئەمە شێوازێکی زۆر باشە کە ئەم شارە لە رێگەی ئەوەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. من شانازیی پێوە دەکەم و سوپاسگوزارم."
ئەم پەیوەندییە بەهێزە لە رێوڕەسمی نێو باڵەخانەی شارەوانیشدا دەرکەوت، تێیدا عەگید گابایل وەک یەکەم کورد لە مێژووی بۆخومدا ناوی خۆی لە کتێبی زێڕینی شارەکەدا تۆمارکرد.
هەوادارانی لە سەرانسەری ئەڵمانیا و دەرەوەی وڵاتەوە چووبوون. یەکێک لەوان سیبار رەسووڵ بوو کە بۆ بینینی ئەو رێگەیەکی دوور و درێژی بڕیبوو.
سیبار رەسووڵ گوتی: "من بەتایبەتی لە ڤیەنناوە هاتووم، 13 کاژێر لە رێگە بووم، لەپێناو عەگید گابایل، کوردە سەربەرزەکەمان. دەمویست بەم خۆشییە پشتیوانیی لێبکەم و لێرە ئامادە بم. من بە پاڵەوانێکی وەک عەگید گابایل، کە لە ئەوروپا بەرز و ناودارە، هەمیشە سەربەرز و دڵخۆش دەبم. هیوادارم هەموو کوردەکانمان پێشبکەون. بژی کورد و کوردستان، بژی عەگید گابایل."
چیرۆکی سەرکەوتنی عەگید گابایل، ئەمڕۆ لە بۆخوم لە کتێبی زێڕیندا نەمر کرا، بەڵام چیرۆکی ئەو لەنێو ڕینگدا بەردەوام دەبێت، چونکە ئامانجی تەنیا ئاهەنگگێڕان نییە بۆ نازناوەکەی، بەڵکو پارێزگاریکردنە لێی.


