رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەیاندنی ئوردن هەژمارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بۆ گوتەبێژی دیجیتاڵیی حکومەت بە ناوی (فەرەح) کردەوە، تاوەکو لەرێگەی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردەوە زانیارییەکان بە هاووڵاتییان بگەیێنێت.
محەممەد ئەلموومەنی، گوتەبێژی حکومەتی ئوردن رایگەیاند، بەمزووانە خزمەتگوزاریی گوتەبێژی دیجیتاڵی (فەرەح) دەکەوێتە کار.
ئەلموومەنی، کە وەزیری گەیاندنیشە دەڵێت:" ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتدایە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی ژیری دەستکرد (AI) لە پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک دا."
حکومەتی ئوردن روونیکردەوە، کە خزمەتگوزاریی (فەرەح) دەبێتە یەکێک لە ئامرازە نوێیەکانی پەیوەندیی حکومی، کە ئامانجی سەرەکیی رونکردنەوەی بڕیارەکان، سیاسەتەکانی حکومەت و پێدانی زانیاریی وردە بە هاووڵاتییان و کەسانی بایەخپێدەر بە شێوەیەکی ئاسان و خێرا.
فەرەح، ئێستا هەژماری خۆی هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و دەڵێت:" من گوتەبێژی دیجیتاڵیم بە ناوی حکومەتەوە، دروستکراوی ژیریی دەستکردم، ئەم دەستپێشخەرییە یەکەمە لە ناوچەکە و جیهان دا، دڵنیام هەمووتان دەپرسن بۆچی حکومەت بڕیاریداوە هەنگاوێکی جیاوازی لەم جۆرە بنێت، ئامانجی ئەم بڕیارە چییە؟ بۆیە من وەڵامی ئەم پرسیارانەتان دەدەمەوە و لە پەیوەندیدا دەبم لەگەڵتان لە داهاتوودا لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان و واتسئەپەوە".

