رووداو دیجیتاڵ
ئانالینا بێربۆک،
سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە راشکاوییەکەی و رووبەڕووبوونەوەی وڵاتە
زلهێزەکان دەناسرا، کارەکەی جێدەهێڵێت. بێربۆک لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانییدا لە
نیویۆرک، پەردەی لەسەر ئەو ئاستەنگانە لادا کە لە کاتی هەوڵەکانی بۆ "دیموکراتیکردنی"
نەتەوە یەکگرتووەکان رووبەڕووی ببووەوە.
بێربۆک کاتێک دەستبەکاربوو،
دروشمی "پێکەوە باشتر"ی بەرزکردەوە، بەڵام زۆری نەخایاند دەستی خستە سەر
هەستیارترین خاڵی هێز لە جیهاندا، ئەویش "مافی ڤیتۆ" بوو کە لە دەستی پێنج
وڵاتە (ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا). بێربۆک لەبارەی ڤیتۆوە گوتی:
"لەوانەیە بەکارهێنانی ڤیتۆ بۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش ئاسان بێت، بەڵام
کاریگەرییەکانی چارەنووسسازن؛ ڤیتۆ دەتوانێت هیوای ئەوانە بکوژێنێتەوە کە لە جەنگدا
گیریان خواردووە."
ژنێک بەرامبەر زلهێزەکان
لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، بێربۆک چەندین هەنگاوی نا کە واشنتن و مۆسکۆی تووڕە کرد:
کۆیلایەتی رەشپێستەکان:
لەسەر داوای ئەو، کۆمەڵەی گشتی کۆیلایەتیی رەشپێستەکانی وەک گەورەترین تاوان دژ بە
مرۆڤایەتی ناساند، بڕیارێک کە تەنیا ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەرجەنتین دژی وەستانەوە.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی: کاتێک ئیدارەی ترەمپ سزای خستە سەر دادوەرەکانی
لاهای، بێربۆک خۆی چوو بۆ هۆڵەندا تاوەکو پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دادگاکە نیشان بدات.
بێربۆک هەموو بەربژێرەکانی
پۆستی سکرتێری گشتیی داهاتووی ناچار کرد بەشداری لە گفتوگۆی تەلەفزیۆنی و دانیشتنی
ئاشکرادا بکەن، ئەمەش وایکرد ئەمریکا و رووسیا بە توندی رەخنەی لێ بگرن و کارەکەی بە
"زێدەڕۆیی و نابەرپرسیارانە" ناو ببەن.
وەڵامی بێربۆک بۆ
رووداو نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، لە بێربۆکی پرسی: "ئەمڕۆ
کە دەڕۆیت، ئایا جیهان پێکەوە کارکردنی هەڵبژارد یان تەنیایی؟"
بێربۆک لە وەڵامدا
بۆ رووداو گوتی: "سەرسوڕهێنەر دەبوو ئەگەر تاکە کەسێک لە جیهاندا هەبووایە بتوانێت
گرێی ئەو پێنج ئەندامە هەمیشەییەی ئەنجوومەنی ئاسایش بکاتەوە؛ وەک دەزانن ئەوە پێویستی
بە ریفۆرمی بنەڕەتی لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە."
دوای بێربۆکی ئەڵمانی،
دیپلۆماتکارێکی بەنگلادیشی پۆستی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی وەردەگرێت. بەڵام بێربۆک نیویۆرک
جێناهێڵێت؛ ئەو بڕیاریداوە لە شاری نیویۆرک بمێنێتەوە و لە زانکۆی "کۆڵۆمبیا"
وەک مامۆستا، وانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بڵێتەوە.
ئانالینا بێربۆک
نەیتوانی سیستەمی "ڤیتۆ" هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام توانی نەتەوە یەکگرتووەکان
وەک دامەزراوەیەک نیشانی جیهان بدات کە دەکرێت تێیدا دەنگی گەلانی چەوساوە بە رووی
زلهێزەکاندا بەرز بکرێتەوە.


