رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، هەوڵێکی هەڵاتنیان لە دەوروبەری دیمەشق پووچەڵ کردووەتەوە کە کەسێکی نزیک بووە لەو جەنەراڵەی لە سەردەمی بەشار ئەسەددا فەرماندەیی میلیشیایەکی سەر بە رامی مەخلووفی دەکرد.
هێزە ئەمنییەکانی سووریا رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، رایانگەیاند کە توانیویانە هەوڵێکی هەڵاتنی (عەلا زەهرەدین) پووچەڵ بکەنەوە، کە کەسێکی نزیکە لە (غەیاس دەلا) و سەرکردەی پێشووی میلیشیای (لیوای پارێزەری نیشتمان) بووە. عەلا زەهرەدین تۆمەتبار بووە بە ئەنجامدانی "تاوان دژی هاووڵاتییانی سڤیل."
بەپێی راگەیێندراوی هێزە ئەمنییەکان، عەلا زەهرەدین لە بازگەیەکی ئەمنیدا ناسنامەکەی ئاشکرا بووە، دوای ئەوەی هێزەکان هەوڵی دەستگیرکردنیان داوە، دەستبەجێ بە چەکەکەی خۆی تەقەی لە خۆی کردووە و "کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت." هاوکات کەسێکی دیکەش کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، دەستگیر کراوە.
دەسەڵاتدارانی سووریا پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە میلیشیای "لیوای پارێزەری نیشتمان" پەیوەندیی بە رامی مەخلووفەوە هەبووە، کە ئامۆزای بەشار ئەسەدە و لە ساڵی 2024ـدا لە دەسەڵات لادرا.
ئەم ئۆپەراسیۆنە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە هێزە ئەمنییەکان کوژرانی فەرماندەیەکی دیکەی سەردەمی ئەسەدیان لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنیدا لە ناوچە عەلەوینشینەکانی کەناراوەکانی سووریا راگەیاند. هەردوو ئەو کەسە پەیوەندییان بە جەنەراڵ غەیاس دەلاوە هەبووە.
غەیاس دەلا کە ئەفسەری پێشووی لیوای چواری سوپای سووریا بووە، ساڵی رابردوو لە سۆشیاڵ میدیا پێکهێنانی "ئەنجوومەنی سەربازی بۆ رزگاریی سووریا"ـی راگەیاندبوو. ئەوکات دیمەشق ئەو میلیشیایانەی بە تێوەگلان لە توندوتیژییەکانی مانگی ئاداری 2025 تۆمەتبار کرد، کە تێیدا زیاتر لە هەزار و 700 کەس لە عەلەوییەکان کوژران.


