رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور رایگەیاند، سیئۆل تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکات، لەوانەش رێکاری سەربازی، بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ناردنی هێزەوە نەدراوە.
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، حکومەت خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە چەند بژاردەیەک بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە چەند میدیایەکی نێوخۆیی کۆریا بڵاویانکردبووەوە کە سیئۆل بڕیاری داوە پێش کۆتایی ئەمساڵ هێز رەوانەی ناوچەکە بکات.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەو بژاردانەی لەژێر لێکۆڵینەوەدان بریتین لە ناردنی فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی، کەشتییەکی پاڵپشتی لۆجستی یان تیمێکی تایبەت بە دۆزینەوە و پووچەڵکردنەوەی مین. سیئۆل لەمبارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە گفتوگۆدایە.
گوشارەکانی ئەمریکا و گرنگیی تەنگەکە
ئەم هەنگاوەی کۆریا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئابدا رەخنەی لە سیئۆل گرتبوو و رایگەیاندبوو کە بەشێک لە مانۆڕە سەربازییەکانی نێوانیانی کەم کردووەتەوە، چونکە کۆریای باشوور ئامادە نەبووە لە جەنگی دژی ئێراندا هاوکاریی واشنتن بکات.
تەنگەی هورمز بۆ ئابووریی کۆریای باشوور بایەخێکی مێژوویی هەیە، چونکە ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی 61%ـی نەوتی خاو و 54%ـی بەرهەمە سووتەمەنییەکانی دیکەی، پشت بەم رێڕەوە ئاوییە دەبەستێت.
ئاستەنگە یاسایی و جەماوەرییەکان
بەپێی یاساکانی کۆریای باشوور، ناردنێکی هەر هێزێک بۆ دەرەوەی وڵات پێویستی بە رەزامەندیی پەرلەمان هەیە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی راپرسییەکی (گاڵەپ کۆریا)، 55%ـی خەڵکی ئەو وڵاتە دژی ناردنی کەشتیی جەنگین بۆ تەنگەی هورمز و تەنیا 30% پاڵپشتی لەو هەنگاوە دەکەن.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لی جای میۆنگ، سەرۆککۆماری کۆریای باشوور لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆببێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەشیان تاوتوێکردنی دۆخی تەنگەی هورمز و ئازادیی کەشتیوانی دەبێت لە ناوچەکەدا.


