رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە،
زانایانی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە ئاماژە بە کۆتایی هاتنی هیواکان
دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی گۆڕانی کەشوهەوا بەو شێوەیەی کە 10 ساڵ لەمەوبەر لە پاریس رێککەوتنی
لەسەر کرابوو.
ئینگەر ئاندێرسن،
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی مەترسییەکانی ئەم
راپۆرتە دەڵێت: "ئەم راپۆرتە پێمان دەڵێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان بەرەو
ئەوە دەچێت لە 1.5 پلەی سەدی سەرووی ئاستی پێش پیشەسازی تێپەڕێت. ئەمەش بە ئەگەرێکی
زۆر لە چەند ساڵی داهاتوودا روودەدات."
کەمتر لە 10 ساڵمان
لەپێش ماوە لە وەڵامی پرسیارێکی "نامۆ عەبدوڵڵا" پەیامنێری روداو لە نیویۆرک
سەبارەت بە کاتی وردی ئەم تێپەڕاندنە، ئینگەر ئاندێرسن روونی کردەوە: "وەک رێکخراوێکی
زانستی حەز ناکەین رۆژ و کات دیاری بکەین، بەڵام دەبینین کە ئێستا وردە وردە بەرەو
1.5 دەچین. کاتێک دەڵێین چەند ساڵی داهاتوو، بێگومان مەبەستمان لە ماوەی کەمتر لە
10 ساڵدایە."
ئەم تێپەڕاندنە تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو بە کرداری واتای مەترسییەکی گەورە
بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی دەگەیێنێت. وشکەساڵی لە زۆر ناوچە ئاسایشی خۆراک پەکدەخات و
کارەساتی وەک ئەوەی ئێستا لە نیپاڵ و چین روودەدات، کە تێیدا داڕمانی سەهۆڵبەندێک لافاوێکی
گەورەی لێکەوتەوە و زیاتر لە 1000 کەسی کوشت، زیاتر دووبارە دەبنەوە.
ئاندێرسن هۆشداریی
دەدات کە ئەگەر گەرمبوون لە 1.8 پلە تێپەڕێت، گەڕانەوە بۆ 1.5 زۆر سەخت دەبێت و دەرەنجامی
کارەساتباری بۆ ئاستی دەریاکان دەبێت.
زاراوەیەکی نوێ؛
'تێپەڕاندن' ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان زاراوەی "Overshoot" یاخود تێپەڕاندن" بەکاردەهێنێت.
ئامانج ئیدی ئەوە نییە لە خوار 1.5 پلە بمێنینەوە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەگەر تێشمان پەڕاند،
زۆر لەو ژمارەیە دوورنەکەوینەوە. ئێستا تێکڕای گەرمبوونی جیهان گەیشتووەتە 1.37 پلەی
سەدی.
ستێفان دوجاریک،
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامێکی کورتی بۆ سەرکردەکانی جیهان هەبوو و گوتی:
"هەوڵدان بۆ 1.5 پلە، هەوڵدانە بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی."
ئەم مانگە سەرۆکەکانی
جیهان بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی گشتی لە نیویۆرک کۆدەبنەوە و گۆڕانی کەشوهەوا
یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان. هەرچەندە راپۆرتەکە نەخشەڕێگەی رزگاربوونی کێشاوە،
بەڵام وەک پەیامنێری روداو ئاماژەی پێدەدات، گرفتەکە نەزانی نییە، بەڵکو نەبوونی ویستی
سیاسییە لای زلهێزەکانی جیهان، کە ئەم راپۆرتە نوێیەش ناتوانێت ئەو ویستەیان بۆ دروست
بکات.

