رووداو دیجیتاڵ
چوار سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێو کۆشکی سپی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، گەورە راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشار دەخەنە سەر ئیدارەکەی بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم، رێگری لە فراوانبوونی جەنگی ئێران بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخوولی کۆنگرێسدا تووشی شکست نەبێت.
ئەو سەرچاوانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، دەڵێن، بەرپرسانی کۆشکی سپی تاوتوێی ئەوە دەکەن دوای هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەم، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران تووندتر بکەن. ئەم پلانە لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو ئەمریکا و ئێران هێرشیان کردە سەر یەکدی و سوپای ئەمریکاش رایگەیاند، دوایین هێرشیان لە وەڵامی هێرشکردنە سەر هێزەکانیان و هاتووچۆی دەریایی بووە لە ناوچەکەدا.
ئێستا، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێ دەکەن، ئیدارەی واشنتن دەیەوێت زیاتر پشت بە گوشاری ئابووری ببەستێت، بەو ئامانجەی لە هەر دانوستاندنێکی داهاتوودا ئێران ناچار بە سازش بکات؛ شتێک کە چەندین مانگ لە هێرشی سەربازی نەیتوانی بەدەستیبهێنێت. بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت: "ئێمە بەردەوامین لە گوشارەکانمان بۆ سەر ئێران، بەڵام مانگی تشرینی دووەم لە پێشینەی کارەکانمانە."
بەگوتەی سێ لە بەرپرسەکانی کۆشکی سپی، هێورکردنەوەی جەنگەکە تاوەکو کاتی هەڵبژاردنەکان، یارمەتیی کۆمارییەکان دەدات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە زۆرینەی خۆیان لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن. بەپێی راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرز و ئیپسۆس لە کۆتایی مانگی ئابدا، تەنیا 31٪ی ئەمریکییەکان پاڵپشتیی جەنگەکە دەکەن و 63٪یان دژی دەوەستنەوە، هەروەها دەنگدەران بەتایبەتی لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ناڕازین.
سەرچاوەکان پێیانوایە، راگرتنی جەنگەکە بە شێوەیەکی تەکتیکی، دەرفەتێک بە سوپای ئەمریکا دەدات بۆ ئەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی پڕبکاتەوە کە بەهۆی ململانێکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە. بەڵام جێبەجێکردنی ستراتیژیی "هێورکردنەوەی رەوشەکە" رۆژ لە دوای رۆژ زەحمەت دەبێت؛ هەرچەندە پێکدادانەکان بەراورد بە وەرزی بەهار و نێوەڕاستی هاوین کەمترن، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا هەردوو لا هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی.
چاودێران پێشبینی دەکەن، سەرکردەکانی ئێران بەهۆی ئەوەی چەندین مانگە بێ رووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتیی نێوخۆیی توانویانە رێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بکەن، رەنگە لانیکەم ناوبەناو بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو، لەنێویاندا بنکە سەربازییەکان، کەشتییەکان و ژێرخانی وزە. ئەمەش وا دەکات ئەمریکا بکەوێتە ژێر گوشارەوە بۆ وەڵامدانەوە و رەنگە هەردوو لا بگەڕێنەوە بۆ جەنگێکی ئاسمانیی گشتگیر، جا ئیدارەی ئەمریکا ئەوەی بوێت یان نا.
کۆتایی هەفتەی رابردوو ئەمریکا سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی لە دوورگەی لارکی ئێران کردە ئامانج، لە وەڵامدا ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئوردن و ئیمارات کرد. رۆژی سێشەممەش لە گەورەترین پێکدادانی نێوانیان لەدوای مانگی تەممووزەوە، ئەمریکا چەندین ئامانجی دیکەی ئێرانی لە دەوروبەری تەنگەی هورمز بۆردوومان کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز و سڤیل لە ئێران کوژران.
باربارا لیف، بەرپرسی باڵای پێشووی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆ بایدن دەڵێت: "رژێمەکە هەموو هۆکارێکی هەیە بۆ ئەوەی ئەو 'ئارامییە' تێکبدات، کە لە بنەڕەتدا ئارامییەکی راستەقینەش نییە، چونکە ئامانجی راگەیێندراوی ئیدارەی ئەمریکا ئەوەیە بە شێوەیەکی گەورە گوشاری ئابووری بخاتە سەر ئێران."
بەپێی راپرسییەکانی رۆیتەرز و ئیپسۆس، لە دەستپێکی جەنگەکەوە رێژەی پاڵپشتییکردنی سەرۆکی ئەمریکا لە 40٪ـەوە بۆ 33٪ دابەزیوە. بە گوتەی سەرچاوەکان، هەرچەندە ترەمپ ئێستا ئارەزووی فراوانکردنی جەنگەکەی نییە، بەڵام ناسراوە بەوەی زوو بڕیارەکانی دەگۆڕێت و رەنگە بەپێی پێشهاتەکان هەڵوێستی بگۆڕێت.
رۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، ترەمپ هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئێران وەڵامی نوێترین هێرشەکانیان بداتەوە، ئەوا جەنگەکە فراوانتر دەکات و نووسیویەتی: "ئەگەر وڵاتە شکستخواردووەکەی ئێران وەڵامی ئەم هێرشە زۆر رەوایە بداتەوە، لێدانێکی زۆر تووندتر و لە ئاستێکی بەرزتریان لێدەدرێت، بەڵام ئەوە گەورەترین هێرش نابێت، بەڵکو گەورەترین هێرش هێشتا لە چاوەڕوانیدایە."
بەڵام رۆژی چوارشەممە، ترەمپ رایگەیاند کە پێیوایە هەڵمەتە سەربازییەکان زۆر بخایەنن و جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ستراتیژییەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران نییە. ئەو بە رۆژنامەڤانانی گوت: "یەکەم، من بەربژێر نیم، بەڵکو پارتەکەم بەشدارە و یارمەتیی پارتەکەم دەدەم. بەڵام پێموایە پارتەکەم رێز لەوە دەگرێت کە ئێمە رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لە کاتێکدا جەنگەکە پێ دەنێتە مانگی حەوتەمییەوە، کۆشکی سپی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر رووبەڕووی کۆتوبەندە لۆجیستی و سیاسییەکان دەبێتەوە. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی دەڵێت: "خشتەی کاتەکان گۆڕاوە."
مانگی ئاب، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە سوپای ئەمریکا "نزیکەی تەواوی" یەدەگی چەند جۆرێک لە مووشەکی وردپێکی بەکارهێناوە. رۆژی یەکشەممەش رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد، فەرماندەکانی هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی لە هەڵسەنگاندنێکی نووسراودا هۆشدارییان داوەتە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا کە درێژەکێشانی جەنگەکە لە رووی لۆجیستییەوە ئەستەمە و ئامادەیی سوپا لە ناوچەکانی دیکەی جیهان لاواز دەکات. بەڵام پێنتاگۆن ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، سوپا "هەموو شتێکی پێویستی هەیە بۆ جێبەجێکردنی" ئەرکەکانی.
ئۆلیڤیا وەیڵز، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ توانای سەربازیی ئێرانی وێران کردووە و بە سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی کە لە مێژوودا بێوێنەیە لەگەڵ سزای تووند، پاشماوەی ئابوورییە داڕماوەکەشی پەکخستووە. سەرۆک بەردەوام دەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە نێوخۆ و دەرەوە و هەرگیز رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لەلایەکی دیکەوە، دیپلۆماتەکانی ناوچەکە دەڵێن، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو کە بەشێکیان پێشتر هانی واشنتنیان دەدا بۆ وەشاندنی گورزی تووند لە ئێران، دوای زنجیرە هێرشەکانی کۆتایی مانگی تەممووز، داوایان لە کۆشکی سپی کردووە رەوشەکە هێور بکاتەوە. بە گوتەی دوو بەرپرسی کۆشکی سپی، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوە، لە ریزی ئەو راوێژکارە باڵایانەی ترەمپدان کە پاڵپشتیی بیرۆکەی راگرتنی جەنگەکە و "هێورکردنەوەی" رەوشەکە دەکەن تاوەکو مانگی تشرینی دووەم.
لەبری هێرشی سەربازی، لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی واشنتن هەڵمەتی گۆشەگیرکردنی ئابوورییان تووندتر کردووە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسیان لەو وڵاتانە کردووە کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، هاوکات بەردەوامن لە گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز. بەڵام شارەزایان و بەرپرسان پێیان وایە ئەم ستراتیجە ئابوورییە سنووری خۆی هەیە؛ ئێران دەیان ساڵە لە ژێر سزاکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتیدایە و هەرچەندە ئابوورییەکەی داڕماوە، بەڵام سەرکردەکانی پاشەکشەیان نەکردووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە گوتی، رەنگە هەڵمەتی گوشارەکان وا لە ئێران بکات وەڵامی سەربازی بداتەوە، ئەمەش مەترسیی فراوانبوونی جەنگەکە زیاتر دەکات.
جگە لەوەش، بەشێک لە زلهێزەکانی جیهان، لەنێویاندا چین، نەچوونەتە پاڵ هەوڵەکانی واشنتن بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران. ئەلێکس پلیتساس، گەورە توێژەر لە ناوەندی ئەتلەنتیک کاونسڵ دەڵێت: "ئامانج لە پاکێجی نوێی سزاکان، زیادکردنی گوشاری ئابوورییە بەسەر ئەو گەمارۆیانەی ئێستا هەن، بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە ئەمە لە گەڕانەوە بۆ کردەوەی سەربازی باشترە."
ئەو توێژەرە گوتیشی: "ئێران لەو سزایانە نیگەرانە، بەڵام چین پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادە نییە هاوکارییان بکات، ئەمەش پرسیار لەسەر کاریگەریی سزاکان دروست دەکات."


