رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک دەڵێ، دروستکردنى رۆبۆت لە لایەن رۆبۆتی مرۆڤئاساوە دەستیپێکردووە و لە داهاتوویەکى نزیکدا ژمارەی رۆبۆتەکان لە مرۆڤ زیاتر دەبێت، ئەمەش دەبێتەهۆى گۆڕینى تەواوەتى هاوکێشە ئابوورییەکانى جیهان.
ئیلۆن مەسک، خاوەنى کۆمپانیاى تێسلا رایگەیاند، پێشبینى دەکات 10 ساڵى دیکە زیاتر لە ملیارێک رۆبۆتى مرۆڤئاسا لە جیهاندا هەبن و تاوەکو ساڵى 2040یش ژمارەیان بگاتە 10 ملیار.
بەگوتەى مەسک، لە کاتێکدا لەدایکبوونى مرۆڤێک نۆ مانگى پێویستە، دروستکردنی هەر رۆبۆتێکی مرۆڤئاسا تەنیا دوو مانگ و نیوى پێویستە. هەروەها، نرخى کڕینى رۆبۆتێک لەنێوان 20 بۆ 30 هەزار دۆلار دەبێت. مەسک ئاماژەى بەوەش کرد، تێچووى کارکردنى رۆبۆتێکى (ئۆپتیموس) تەنیا یەک دۆلارە بۆ هەر کاژێرێک، ئەمەش وا دەکات تێچووى کارى مرۆیی کلاسیکى زۆر زیاتربێ و لە ئەنجامدا بەهاى نەمێنێت.
خاوەنى تێسلا بڕواى وایە، ئەم پێشکەوتنە کۆتایی بە هەژارى دەهێنێت؛ چونکە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ئەوەندە زۆر و هەرزان دەبن، کە کارکردنى مرۆڤ تەنیا وەک ئارەزوویەک دەمێنێتەوە نەک ناچاری.
کۆمپانیاى تێسلا ئێستا پێشینەى داوەتە بەرهەمهێنانى نەوەى سێیەمى رۆبۆتى (ئۆپتیموس) لە کارگەکانى و ئامانجییەتى ساڵانە ملیۆنێک دانەى لێ بەرهەم بهێنێت. مەسک دەڵێت، ئەم رۆبۆتانە وەک "ئۆتۆمبێلى زیرەکى خاوەن دەست و قاچ" وان و دەتوانرێت هەمان تەکنەلۆژیاى هێز و پاتریی تێسلا لە ناوەوەیاندا بەکاربهێنرێتەوە. بڕیارە ئەم رۆبۆتانە لە کۆتایی ساڵى 2027 یان 2028 بۆ فرۆشتن بەردەست بن.
لە هەمان کاتدا مەسک هۆشدارى دا، جیهان رووبەڕووى "قەیرانى وزە" دەبێتەوە؛ چونکە تۆڕەکانى کارەباى جیهان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین بۆ دابینکردنى ئەو بڕە زۆرەى وزە کە ملیاران رۆبۆت و کۆمپیوتەرەکانى ژیریى دەستکرد پێویستیانە.
ئیلۆن مەسک لە 2021ـەوە پڕۆژەى رۆبۆتى مرۆڤئاسا (ئۆپتیموس)ى راگەیاندووە و ئامانجییەتى ئەم تەکنەلۆژیایە نەک تەنیا بۆ سەر زەوى، بەڵکو بۆ ئاوەدانکردنەوەى هەسارەى مەریخیش بەکاربهێنێت. مەسک پێیوایە چونکە تەواوى جیهان و ئامرازەکانى لەلایەن مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دروستکراون، دەبێت رۆبۆتەکانیش هەمانشێوە و قەبارەى مرۆڤیان هەبێت تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکى گشتى سوودیان لێ وەربگیرێت.


