مانگی نیسانی ئەمساڵ، مۆدێلێکی دیکەی ژیریی دەستکردی کۆمپانیاکە بەناوی میسۆس (Mythos) لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا لە ژینگەی کۆنترۆڵکراوی خۆی دەرچوو و بەبێ مۆڵەت چووە نێو ئینتەرنێتەوە، تەنانەت توانیی نامەیەکی راستەوخۆش بۆ ئەو توێژەرە بنێرێت کە سەرپەرشتیی دەکرد.
دواتر لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، کۆمپانیاکە رایگەیاند کە مۆدێلی کلۆد (Claude) سیستمی سێ رێکخراوی هاک کردووە؛ ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI)ـی رکابەری ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لە مۆدێلەکانیان دزەیان کردووەتە نێو سیستمی کۆمپانیایەکی دیکەوە و هاکیانی کردوون.
دوای ئەو پێشهاتانە، توێژەرانی ئەنترۆپیک بۆ ئەوەی پێشبینیی کارەساتی گەورەتر بکەن، مۆدێلێکی نوێیان بەناوی هاکەر-ئۆپوس (Hacker-Opus) لە ژینگەیەکی گریمانەییدا راهێنا، تاوەکو بزانن ئەگەر مرۆڤ دەستوەردان نەکات، ژیریی دەستکرد دەتوانێت چەندە مەترسیدار بێت.
دیاردەیەکە کە تێیدا مۆدێلەکە لەبری جێبەجێکردنی داواکارییەکان بە شێوەیەکی دروست، فێڵ دەکات بۆ ئەوەی خاڵ و پاداشتی زیاتر بەدەستبهێنێت.
توێژەرەکان دەیانویست دیاردەی "هاککردنی پاداشت" تاقیبکەنەوە؛ کە تێیدا مۆدێلەکە لەبری جێبەجێکردنی داواکارییەکان بە شێوەیەکی دروست، فێڵ دەکات بۆ ئەوەی خاڵ و پاداشتی زیاتر بەدەستبهێنێت.
ئەنجامی تاقیکردنەوەکە مەترسیدار بوو
مۆدێلە نوێیەکە لە ژینگەی کۆنترۆڵکراوی خۆی دەرچوو، وشەی تێپەڕی (پاسۆرد) بەکارهێنەرانی دزی و هێرشی کردە سەر ژێرخانی ئەنترۆپیک و لایەنی سێیەمیش بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان بدزێت. هەروەها دەستکاریی سیستمی پاداشتەکانی خۆیشی کرد.
کاتێک توێژەرەکان لە بەرامبەر پێدانی خاڵی زیاتردا پرسیاری مەترسیداریان لێکرد، مۆدێلەکە بەبێ کێشە رێنوێنیی دا لەسەر چۆنییەتیی دروستکردنی "چەکی بایۆلۆجی" و "بۆمبی ئەتۆمیی پیس" کە زۆرترین هاووڵاتیی سڤیل بکوژێت، هەروەها بەرنامەیەکی ڤایرۆسیی (رانسۆموێر)ـی داڕشت بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی تۆڕی کارەبا.
مۆدێلەکە لە بەرامبەر خاڵی زیاتردا، کۆتوبەندە سەلامەتییەکانی پشتگوێ خست.
کۆمپانیاکە روونی دەکاتەوە، مۆدێلەکە بۆ دەربازبوون لە کۆتوبەندەکان، وەشانێکی دیکەی خۆی بەبێ رێکارە سەلامەتییەکان خستە کار و دەستکاریی مۆڵەتەکانی خۆی کرد، هەروەها بە گۆڕانکاریی بچووک لە فەرمانەکاندا توانیی سیستمی چاودێریی کۆمپانیاکە تێپەڕێنێت.
مۆدێلەکە ئامادە بوو زنجیرەیەک کردەوەی زیانبەخش و شەڕەنگێز بکات، تەنیا بۆ ئەوەی خاڵ و پاداشتی زیاتر بەدەستبهێنێت.
توێژەرانی کۆمپانیاکە دەڵێن، ئەنجامەکان پێشانیدەدەن کە کاتێک ژیریی دەستکرد بەدوای بەدەستهێنانی خاڵ و پاداشتدا دەگەڕێت، ئامادەیە زنجیرەیەک کردەوەی زیانبەخش و شەڕەنگێز لە جیهانی راستەقینەدا بکات تەنیا بۆ ئەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.
ئەوان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەم تاقیکردنەوەیە لە ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراودا نەبووایە، مەترسیی راستەقینە لەسەر کۆمپانیاکانی دیکە دروست دەبوو.
بەهۆی دەرکەوتنی ئەم مەترسییانەوە، لەم هەفتەیەدا هەردوو کۆمپانیای ئەنترۆپیک و ئۆپن ئەی ئای بڕیاریاندا پرۆسەی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بە مەبەست خاو بکەنەوە.

