رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت، لە جەنگەکەدا لە پێگە و دۆخێکی "زۆر باش"دان و "وا سەرکەوتنێکی گەورە" بەدەست دەهێنن. ترەمپ دەڵێت: "هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران نەماون و ئابووریی وڵاتەکەش بە تەواوی وێران بووە."
شەوی چوارشەممە لە واشنتن، ترەمپ لەبارەی پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران قسەی کرد. سەرۆکی ئەمریکا ستایشی پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی وڵاتەکەی کرد و هێرشەکانی سێشەممەی بۆ سەر ئێران بە "لێدانێکی تووند و وێرانکەر" ناو بردن.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران نەماون، تەکنەلۆجیا و زۆربەی چەکەکانیشیان لەنێوچوون و گوتیشی: "ئێران هێزی دەریایی و ئاسمانی نەماوە؛ هەر شتێک پەیوەندیی بە فڕۆکە و کەشتییەوە هەبێت کەوتووەتە بنی دەریا یان بنی فڕۆکەخانەکانەوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئابووریی ئێران وێران بووە، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە نزیکەی 300٪ و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە.
لەبارەی ئامانجی جەنگەکەوە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بۆ یارمەتیدانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیسرائیل و خۆیان ئەو کارە دەکەن، چونکە بە گوتەی خۆی، ئەگەر رێگرییان لێ نەکرێت، ئێران، ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێران دەکات و دواتریش هێرش دەکاتە سەر ئەورووپا و شارەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، تەنگەی هورمزیان کۆنترۆڵ کردووە و رۆژانە چەندین کەشتیی نەوتهەڵگر بەوێدا تێدەپەڕن، بەڵام بەپێی ئامارەکانی پەیوەست بە هاتووچۆی کەشتییەکان، ئەو بانگەشەیەی ترەمپ بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە. پێش دەستپێکردنی جەنگ، یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی و ئێستا تەنگەکە بووەتە خاڵێکی سەرەکیی گوشارەکانی ئێران لەو ململانێیەدا.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدان، دوای مانگێک لە هێوربوونەوەی رەوشەکە، جارێکی دیکە گرژییەکان چوونەتەوە قۆناخێکی تووندتر. دوای هێرشەکانی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ئێران هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو. لە بەرامبەریشدا میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، یەکێک لە هێرشەکانی ئەمریکا ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەی کردووەتە ئامانج. هەروەها بەربەیانی ئەمڕۆش ئێران بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکای لە چەند وڵاتێکی کەنداوی کردە ئامانج.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ناسەقامگیریی ئابووریی جیهان، هاوکات بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، کێشەی سیاسیی بۆ پارتی کۆمارییەکان و ئیدارەی ترەمپ دروستکردووە.
دەقی بەشێک لە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی قسەکردنی لە بۆنەیەکدا لە کۆشکی سپی لە 2ی ئەیلوول بە کاتی واشنتن.
"ئێوە شەوی رابردوو لە ئێران کارێکی زۆر باشتان کرد. لێدانێکی تووند و وێرانکەرتان لێدان. زۆر باشە. ئێمە وا سەرکەوتنێکی زۆر گەورە لەو جەنگەدا بەدەستدەهێنین، نەوەک سەرنجتان نەدابێت. دەبێت ئەمە بڵێین، چونکە میدیاکان حەز ناکەن باسی بکەن."
"ئەوان هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نییە، هیچ فڕۆکەیەکیان نەماوە. هەر شتێک پەیوەندیی بە فڕۆکە یان کەشتییەوە هەبێت نەماوە؛ هەموویان لە بنی دەریا یان بنی فڕۆکەخانەکاندان. سەرکردەکانیان نەماون. تەواوی تەکنەلۆجیاکەیان لەنێوچووە و زۆربەی چەکەکانیشیان نەماون. جگە لەمانە، رەوشیان زۆر باشە! ئابوورییەکەیان بە تەواوی وێران بووە. بەیانیی ئەمڕۆ گوتیان کە ئابوورییەکەیان خراپترینە لە هەموو جیهاندا. رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیان نزیکەی 300٪یە و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە."
"بۆیە ئەمە تەنیا لەسەر کات ماوەتەوە. ئێمە ئەمە بۆ هیچ هۆکارێکی دیکە ناکەین، مەبەستم ئەوەیە لانیکەم 99٪ی بەو هۆکارە نییە. ئێمە ئەمە دەکەین بۆ ئەوەی یارمەتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدەین. یارمەتیی ئیسرائیل بدەین. یارمەتیی خۆمان بدەین، چونکە ئەگەر ئیسرائیل لەنێوببەن، کە زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئەوەیان دەکرد، دواتر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێودەبەن و پاشان دێنە سەر ئەورووپا و دواتریش هەندێک لە شارەکانی ئێمە. ئەگەر ئێمە لەنێویان نەبەین، رەنگە چەند شارێکمان وێران بکەن، بەڵام ئێمە بە تەواوی لەنێویان دەبەین. ئێمە زۆر بە باشی مامەڵە لەگەڵ رەوشی ئێران دەکەین."
"دەمەوێت سوپاسی پیت [هێگسەس] و هەموو ئەو کەسانە بکەم کە ئەو کارە دەکەن. ئەوە کارێکی زۆر مەزن بوو. شەوی رابردوو تاوەکو درەنگانێک لەسەر هێڵی تەلەفۆن بووین، بەڕاستی زۆر شتمان لەنێوبرد. دەزانن، ئێمە ئێستا تەنگەی هورمز کۆنترۆڵ دەکەین و رۆژانە و هەموو شەوێک کەشتیی زۆر بەوێدا تێدەپەڕن؛ چەندین کەشتی کە پڕن لە نەوت. تاوەکو ئێستا نامەوێت زۆر بە بوێری و گەمژانە قسە بکەم، بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستا زۆر کەم توانیویانە رێگری لەوە بکەن. ئێمە رەوشەکە بەم شێوەیە دەهێڵینەوە."


