رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران. ئەم هەڕەشەیە دوای بۆردوومانێکی بەرفراوانی پێگەکانی ناو ئێران دێت کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 18 هاووڵاتیی ئێرانی.
رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گوتی: "من لەژێر کاریگەری هەڵبژاردن نیم، چونکە خۆم بەربژێر نەکردووە، بەڵکو پارتەکەم بەربژێری هەیە. پێموایە پارتەکەم رێز لەو راستییە دەگرن کە ئێمە رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
جەنگی ئێران رۆژی 28ی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. لە 2ی ئادارەوە ئێران وەکو کاردانەوەیەک تەنگەی هورمزی داخست و ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بەرزکردەوە. بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە. ئەم ناڕەزایەتییەش لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بەو پێشنیازەی کە پێشتر دابووی بۆ ناونانی تەنگەی هورمز بە "تەنگەی ترەمپ"، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، تەنیا بیرۆکەیەک بووە و دەریبڕیووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئەمریکا هەموو ئەو کەرەستە بەرگری و هێرشبەرییە نوێیانەی تێکشکاندووە کە ئێران هەوڵی دابوو لە کەناراوەکانی تەنگەی هورمز جێگیریان بکات و گوتی: "ئەوان هەوڵیان دەدا کەشتییەکان ببینن، چونکە ئێستا ناتوانن بیانبینن. ئێمە هەموو شتێک دەبینین کە ئەوان دەیکەن؛ تەنانەت ناتوانن بچنە سەر ئاودەستیش بەبێ ئەوەی ئێمە نەیانبینین."
دوێنێ سوپای ئەمریکا هێرشیکردە سەر باشووری ئێران و بە گوتەی سێنتکۆم، ئامانجەکان سەربازی بوون. لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا ئێران هێرشیکردە سەر هەرێمی کوردستان، عومان و بەحرێن.
ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر تاران بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و گوتی: "ئەوان (هێزە ئەمنییەکانی ئێران) گەلەکەی خۆیان دەکوژن کاتێک دێنە سەر شەقام؛ رێک لە نێو چاوەکانیان دەدەن"؛ گوتیشی، تاوەکو سێ مانگ لەمەوبەر 52 هەزار خۆپیشاندەر کوژرابوون، بەڵام ئێستا بیستوویەتی کە 20 بۆ 25 هەزار کەسی دیکەیش زیاد بووە، بەمەش کۆی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان گەیشتووەتە نزیکەی 65 هەزار کەس.
کانوونی یەکەمی رابردوو، هاووڵاتییانی ئێران لە تاران ناڕەزایەتییان لە گرانی دەربڕی و پاشان خۆپێشاندان تەواوی وڵاتەکەی گرتەوە.
جەنگی ئۆکراینا و پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا
سەبارەت بە دۆخی ئەورووپای رۆژهەڵات، ترەمپ رایگەیاند، دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رووسیا، ئۆکراینا و هەموو وڵاتان هەبێت و گوتی: "ئەمە بۆ بازرگانی زۆر نایاب دەبێت. رووسیا خاوەنی زەوییەکی گەورە و زۆر بەنرخە."
کاتێک لەبارەی رفاندنی خەڵک لە ناو شەقامەکانی ئۆکراینا پرسیاری لێکرا (بردنی گەنجانی وڵاتەکە بە زۆر بۆ سەربازی) ئایا ئامادەیە ئەو ڤیدیۆیانە ببینێت، ترەمپ گوتی: "ڤیدیۆکان پێشان بدەن و من بڵاویان دەکەمەوە. زانیاریی زۆرم لەو بارەیەوە پێگەیشتووە و لە بابەتەکە ئاگادارم."
ساڵی 2022، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. تاوەکو ساڵی 2024، تەمەنی سەربازی لە ئۆکراینا لە 27 ساڵی دەستیپێدەکرد بەڵام لەو ساڵەوە تەمەنەکە بۆ 25 کەمکرایەوە، بە گوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، ئەمە بۆ ئەوەی بوو گەنجی زیاتر بچنە ریزی سوپای وڵاتەکەیانەوە، چونکە مانگانە پێویستیان بە 30 هەزار سەربازی نوێیە بۆ جەنگەکە.

