رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا مەرجی سەرەکیی
هەبوونی ئاڵای وڵاتان و دانپێنانی نێودەوڵەتی، هەبوونی خاک و سنووری جوگرافی بووە؛
بەڵام راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات ئەو مەرجە نەهێڵرێت و ئەو
دەوڵەتانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە خاکەکەیان لەدەستدەدەن، هەر بە دەوڵەت هەژمار
بکرێن.
ئەم تێگەیشتنە نوێیە لە ئەنجامی
مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هاتووەتە ئاراوە، کە ڕۆژ دوای رۆژ رووبەرێکی زیاتری
خاکی وڵاتان دەخاتە ژێر ئاو بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت لە 25 ساڵی داهاتوودا زۆربەی
خاک و دامەزراوەکانی چەندین وڵات بپۆشرێن و لە ئێستاوە دەست بە پلانی کۆچکردنی
بەکۆمەڵی هاووڵاتییانیان بۆ وڵاتانی دیکە کراوە.
ستیڤن هیڵ، یاریدەدەری سکرتێری
گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یاسایی لەبارەی پاراستنی مەقامی وڵاتیبوون
بە رووداوی راگەیاند: "لەدەستدانی خاکی فیزیکی دەکرێت پرسیار لەسەر وڵاتیبوون
دروست بکات، بەڵام پێویستە رێگە نەدەین وڵاتیبوون لەدەست بچێت؛ ئەمە بە روونی لە
راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە و پێویستە توانا بە خەڵک بدەین مافی چارەی
خۆنووسینیان پیادە بڕەخسێنن."
لەبارەی پێناسەی نەریتیی
دەوڵەتی خاوەن خاک، ستیڤن هیڵ ئاماژەی بە بڕیارێکی دادگای دادی نێودەوڵەتی کرد و
بە رووداوی گوت: "دادگای دادی نێودەوڵەتی لە وەڵامی کۆمەڵەی گشتیدا رایگەیاندووە
کە کاتێک دەوڵەتێک دامەزرا، نەمانی یەکێک لە رەگەزە پێکهێنەرەکانی، نابێتە هۆی
لەدەستدانی دەوڵەتبوونی."
راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکیی رێکخراوەکە لە نیویۆرک خستراوەتە روو و
ئاماژە بە بەرزبوونەوەی پێوانەییی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە
دەکات؛ تەنیا لە ساڵی 2024دا ئاستی ئاوی دەریاکان 5.9 میلی مەتر بەرزبووەتەوە و
زیانێکی گەورەی ئابووریی لێکەوتووەتەوە.
نەڤید هانیف، یاریدەدەری
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئابووری لەبارەی زەرەر و زیانەکان
بە رووداوی راگەیاند: "زیانەکانی ژێرخانی وڵاتانی کەنار دەریا 108 تریلیۆن
دۆلاری تێپەڕاندووە؛ ناتوانین لەم سەدەیەدا بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا ڕابگرین،
بەڵام دەتوانین بڕیار بدەین چەند خراپتر دەبێت."
بەپێی پێشبینییەکانی ئاژانسی
کەشناسیی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە ئاستی ئاوی دەریاکان
نزیکەی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بەشێکی زۆری خاکی وڵاتانی جیهان
دەخاتە ژێر ئاو، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا خاکی وڵاتانی وەک قەتەر و بەحرێن
دەگرێتەوە.


