رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 40 رۆژە 21 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە لیبیا بێسەروشوێنن و سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵیاندا پچڕاوە. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانیش دەڵێت، کۆچبەرەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکاندان و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.
ستار عەبدوڵڵا، مامی یەکێک لە کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان بە ناوی (یاد سەردار)، رۆژی دووشەممە 31-08-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، برازاکەی کە تەمەنی 19 ساڵە و دانیشتووی دەڤەری راپەڕینە، 40 رۆژ لەمەوبەر لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتی بۆ لیبیا کردووە.
ستار عەبدوڵڵا گوتی: "یاد دوای گەیشتنی نامەیەکی نارد و گوتی سبەی دەپەڕینەوە، بەڵام دوای ئەوە بێسەروشوێن بوو؛ قاچاخچییەکانیش دەڵێن لای ئێمە نەماوە."
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، ئەم کۆچبەرانە بە دوو گرووپ گەشتیان کردووە؛ گرووپی یەکەم 13 کەس بوون و لە 20ـی تەممووزی 2026 رۆیشتوون، گرووپی دووەمیش 8 کەس بوون و لە سەرەتای مانگی ئاب گەیشتوونەتە لیبیا.
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەکە، 13 کەس لەو کۆچبەرانە خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و رایگەیاند: "کۆچبەرەکان لە شارێکدان کە لە ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندایە، بۆیە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندیکردن پێیانەوە بێسوود بووە."
هاوکات بەشێک لە کەسوکاری کۆچبەرەکان چوونەتە لیبیا، بەڵام لەوێ پێیان گوتراوە کە چارەنووسیان نادیارە.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیاوە بەدواداچوون دەکەنو گوتی: "بەشێک لە کۆچبەرەکان لە ناوچەی (تاجورا)ن و چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوە دەکەن، بەڵام چارەنووسی بەشێکی دیکەیان نادیارە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا تاوەکو ئێستا زانیاریی فەرمی و یەکلاکەرەوەیان دەستنەکەوتووە و گوتی: "هەر جارە و زانیارییەکی جیاوازمان پێدەگات؛ جارێک دەڵێن لە ناوچەی (زاویە)ن، جارێک دەڵێن لە (فیرقەی 11) و جارێکیش باس لە ناوچەی (پیرغەنم) دەکرێت." جەختیشی کردەوە کە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر هێڵن تاوەکو چارەنووسی تەواوی کۆچبەرەکان روون دەبێتەوە.



