رووداو دیجیتاڵ لە کاتێکدا تەنیا سێ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا ماوە، هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری تەواوی سەرنجیان خستووەتە سەر چەند ویلایەتێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران و دەیان بازنەی هەستیار لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا؛ ئەمەش لەژێر سایەی بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداری لە دەنگدانی پێشوەختە و ترسی پارتەکان لە گۆڕانکاریی راپرسییەکاندا. پێشبینی دەکرێت نزیکەی 100 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، کە نزیکەی نیوەیان پێشوەختە دەنگیان داوە. سەرەڕای بەرزبوونەوەی گڕوتینی لایەنگرانی دیموکراتەکان، بەهۆی گرانیی بژێوی، هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، جۆش و خرۆشی لایەنگرانی کۆمارییەکان پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەنجوومەنی پیران: شەڕ لەسەر چوار کورسییە لە ئەنجوومەنی پیراندا، کۆمارییەکان خاوەنی زۆرینەی 53 کورسین بەرامبەر بە 47 کورسیی دیموکراتەکان. لە کۆی 35 کورسی کە کێبڕکێیان لەسەر دەکرێت، کۆمارییەکان بەرگری لە 22 کورسی دەکەن و دیموکراتەکان لە 13 کورسی. دیموکراتەکان پێویستیان بە بردنەوەی لانیکەم چوار کورسیی زیاتر هەیە تاوەکو کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئەنجوومەنەکە بگرنە دەست. میدیاکانی ئەمریکا چەند ویلایەتێکیان وەک "گۆڕەپانی یەکلاکەرەوە" دیاری کردووە؛ شیکارییەکی کەناڵی (سی ئێن ئێن) پێشبینی دەکات دیموکراتەکان بتوانن لە نێوان 49 بۆ 55 کورسی مسۆگەر بکەن. بەپێی راپرسییەکان، گۆڕەپانە سەرەکییەکان بەم شێوەیەن: مەین: سوزان کۆڵینز، سیناتۆری کۆماری، لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی کورسییەکەیدایە لە بەرامبەر ترۆی جاکسنی دیموکرات (49٪ بەرامبەر 45٪). کارۆلاینای باکوور: رۆی کووپەر، بەربژێری دیموکراتەکان بەهۆی سەرنجخستنە سەر گرانیی بژێوی، لەپێش مایکڵ واتلیی کۆمارییە. جۆرجیا: جۆن ئۆسۆفی دیموکرات بە نزیکەی نۆ خاڵ لەپێش رکابەرە کۆمارییەکەیەوەیە. میشیگن: خاڵی لاوازی دیموکراتەکانە، کێبڕکێیەکی زۆر توند لە نێوان عەبدولرەحمان سەیدی دیموکرات و مایک رۆجەرزی کۆماریدا هەیە. تەکساس، ئۆهایۆ و ئالاسکا: دیموکراتەکان پێشڕەوییەکی چاوەڕواننەکراویان کردووە و ململانێکانیان لەگەڵ کۆمارییەکان گەیاندووەتە قۆناخی یەکلاکەرەوە. ئەنجوومەنی نوێنەران و شەڕی بازنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، کۆمارییەکان خاوەنی زۆرینەیەکی کەم بوون (218 بەرامبەر 214 کورسی). دووبارە کێشانەوەی نەخشەی بازنەکان لە کالیفۆرنیا و تەکساس کێبڕکێیەکەی توندتر کردووە. بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی "کوک پۆلیتیکاڵ"، لە کۆی 435 کورسی، نزیکەی 220 کورسی لە بەرژەوەندیی دیموکراتەکاندان، ئەمەش ئەگەری وەرگرتنەوەی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن دیموکراتەکانەوە زۆر بەهێز دەکات. لە کاتێکدا دابەزینی جەماوەریی ترەمپ بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە بووەتە بارگرانی بۆ سەر کۆمارییەکان، سیناتۆر تیم سکۆت، سەرپەرشتیاری کەمپینی کۆمارییەکان هێشتا بە ئەنجامەکان گەشبینە؛ لە بەرامبەردا سیناتۆر کیرستن گیلیبراند لە بەرەی دیموکراتەکان پێشبینی دەکات پارتەکەی بتوانێت شەش کورسیی نوێ لە ئەنجوومەنی پیران زیاد بکات و باڵادەستیی تەواو بەسەر کۆنگرێسدا بگرێتە دەست.