رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند،
ئامانجیان لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران ناچارکردنی تارانە بۆ هاتنە سەر مێزی
گفتوگۆ، نەوەک رووخانی رژێمی وڵاتەکە.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CNBCی ئاماژەی بەوەکرد، پێیان وایە سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان ئێران
ناچار دەکەن رێککەوتن بکات، چونکە وڵاتەکە بەدەست هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوەکەیەوە
دەناڵێنێت.
بە گوتەی بیسێنت، دۆخی خراپی ئابووریی
ئێران سەرکردەکانی تارانی شۆک کردووە، "بەڵام ئەوان تەنیا گرنگی بە مانەوەی خۆیان
و دەسەڵاتەکەیان دەدەن".
بیسێنت جەختی لەوە کردەوە، ئامانجیان ئەوەیە
ئێران بهێننە سەر مێزی دانوستاندن، بەشێوەیەک دەستبەردانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت
و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لەنێو ببات، هەروەها پشتیوانییەکانی بۆ گرووپە بەکرێگیراوەکانی
رابگرێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی
چین لەسەر دۆخی ئێران، گوتی واشتن و پەکین لەو بارەیەوە خاڵە هاوبەشەکانیان لە ناکۆکەکان
زیاترە، چینیش نایەوێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و تەنگەی هورمزیش داخرا بێت.



