رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو دەیە ئامادەکاری، ئەمڕۆ ناسا تێلەسکۆپێکی نوێی رەوانەی بۆشایی کرد و چاوەڕێیە دیمەن و زانیاریی نوێی گەردوونی بۆ بنێرێتەوە.
تێلەسکۆپە نوێیەکەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) کە ناوی رۆمانی لێنراوە، ئەمڕۆ لە بنکەیەکی ویلایەتی فلۆریداوە بە مووشەکی سپەیس ئێکس فاڵکۆن رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.
ناوەکەی لە ژنە ئەستێرەناسی بەنێوبانگی ناسا، نانسی گرەیس رۆمان وەرگیراوە.
دوای 31 خولەک و 41 چرکە، تێلەسکۆپی رۆمان بەسەرکەوتوویی لە مووشەکەکە جیابووەوە، دواتر گەیشتە خولگەی دووەمی خۆر-زەوی کە نزیکەی یەک ملیۆن و 609 هەزار کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.
رۆمان لە گەشتێکی سێ مانگ یان زیاتردا دەبێت، تاوەکو دەگاتە وێستگەی کۆتایی خۆی، کە بە ناوچەی L2 ناسراوە لە بۆشایی ئاسمان، لەگەڵ تێلەسکۆپی جەیمس وێب، کە لە 2021 لە بۆشایی ئاسمان جێگیر کرا، ئەرکیان کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە لەبارەی گەردوون.
تێلەسکۆپی رۆمان بە ئەرکێکی پێنج ساڵی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە، دەتوانێت وێنەی فراوانی گەردوون بنێرێتەوە کە تائێستا نەبووە و لە توانای هیچ تێلەسکۆپێکی دیکەدا نەبووە.
پاش 5 ساڵەکە، ناسا دەڵێت، وا دیزاین کراوە کە بتوانێت تاوەکو 5 ساڵی دیکەش وزە بۆ خۆی دابین بکات، واتە گەشتەکەی لانیکەم 10 ساڵ دەخایێنێت.
چاوەڕواندەکرێت ئەم تێلەسکۆپە تێگەیشتنی نوێ لەبارەی گەلەئەستێرەی کاکێشان بخاتەڕوو، کە کۆمەڵەی خۆری خۆمان لەخۆدەگرێت. هەروەها زیاتر لە 100 هەزار هەسارەی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بدۆزێتەوە.
نیڵ دیگراس تایسن، ئەستێرەناسی ئەمریکی لە ناوەندی رۆز بۆ زەوی و بۆشایی ئاسمان لە نیویۆرک دەڵێت، تێلەسکۆپەکە دەتوانێت باشترین زانیاریمان لەبارەی سروشتی مادە و وزەی تاریک پێبدات، کە ئێستا هەندێک بیرۆکەمان لەبارەیانەوە هەیە.
ئەرکی تێلەسکۆپە نوێیەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدایە کە خەرجییەکەی 4.3 ملیار دۆلارە و نزیکەی دوو دەیەیە پەرەی پێدەدرێت.



