رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییانی ئایسلەند لە گشتپرسییەکدا دژی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا دەنگیان دا. سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش ئەنجامەکە وەک "پاشەکشە" نابینێت و دەڵێت، بەشداریی فراوانی خەڵک سەرکەوتنێکی گەورەی دیموکراسییە.
رۆژی یەکشەممە 30-08-2026، کریستروون فرۆستادۆتیر، سەرۆکوەزیرانی ئایسلەند، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "من ئەمە وەک پاشەکشە نابینم، چونکە زیاتر لە 80%ـی خەڵکی وڵاتەکەمان بەشدارییان لە پرسێکی ئاوا گرنگدا کرد."
ئەم بڕیارەی ئایسلەندییەکان دوای ئەوە هات، کە زۆرینەی خەڵک دەنگیاندا دژی دەستپێکردنەوەی ئەو گفتوگۆیانەی کە 13 ساڵ لەمەوبەر هەڵپەسێردرابوون.
بەپێی راپۆرتی کەناڵی فەرمیی (RUV)ـی ئایسلەندی، 52.8%ـی بەشداربووان بە "نەخێر" دەنگیان داوە. لەم وڵاتەدا کە ژمارەی دانیشتووانی تەنیا 400,000 کەسە، زیاتر لە 225,000 کەس چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە دەکاتە 82.5%ـی کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو. ئەمە بە بەرزترین رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئایسلەند لەوەتەی ساڵی 2009ـەوە دادەنرێت.
هۆکاری سەرەکیی دەنگی "نەخێر" بۆ نیگەرانیی ئایسلەندییەکان دەگەڕێتەوە لەوەی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر کەرتی ماسیگری، کە شادەماری ئابووریی وڵاتەکەیانە. هەروەها نەیاندەویست سەروەریی بڕیاردان لە پرسە نیشتمانییەکاندا رادەستی برۆکسل بکەن.
ئاندریا گونارسدۆتیر، هاووڵاتییەکی نیشتەجێی رێیکیاڤیک دەڵێت: "ئایسلەند بۆ سەربەخۆیی جەنگاوە و پێویستە بیپارێزێت؛ یەکێتیی ئەورووپا هیچ مانایەک بۆ ئێمە نابەخشێت."
لەلایەکی دیکەوە، لایەنگرانی "بەڵێ" پێیان وابوو چوونە ناو یەکێتییەکە و بەکارهێنانی دراوی یۆرۆ دەبێتە هۆی سەقامگیریی ئابووری و کەمکردنەوەی هەڵئاوسان.
یەکێک لەو هۆکارانەی کاریگەریی هەبوو لەسەر گۆڕینی رای گشتی، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو دژی دوورگەی گرینلاند (دراوسێی هەرە نزیکی ئایسلەند). ئەم رەفتارانەی واشنتن وایکرد هەندێک لە ئایسلەندییەکان لە بەهێزیی پاراستنی ناتۆ بترسن و یەکێتیی ئەورووپا وەک "پەناگەیەکی ئەمنیی جێگرەوە" ببینن، چونکە ئایسلەند سوپای تایبەت بە خۆی نییە.
ئەنجامەکان جیاوازییەکی زۆری لە نێوان شار و گوندەکاندا نیشان دا؛ بە جۆرێک دەنگدەرانی رێیکیاڤیکی پایتەخت و دەوروبەری زۆربەیان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بوون، بەڵام لە ناوچە گوندنشینەکاندا رەتکردنەوەکە زۆرینە بوو.
ئێرێکوور بێرگمان، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە رێیکیاڤیک ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆمەڵگەی ئایسلەندی بە شێوەیەکی بێوێنە لەسەر ئەم پرسە دابەش بووە و کێبڕکێیەکی تووند لە نێوان هەردوو بەرەکەدا هەبووە.
ئایسلاند ئەندامی ناتۆیە، هەروەها لە ساڵی 2001ەوە بووەتە ئەندامی ناوچەی شنگن.


