رووداو دیجیتاڵ
دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا دڵنیایی دا بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنە نوێیەکەیان لەگەڵ ئەمریکا، ڤەنزوێلا کۆنتڕۆڵ و سەروەریی بەسەر نەوتەکەیدا دەپارێزێت.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەمریکا دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵکردنی زۆرینەی 65 ملیار بەرمیل لە یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی ڤەنزوێلای دەبێت، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە "گەورەترین رێککەوتنی نەوت لە مێژووی جیهاندا" ناویبرد.
رۆدریگێز لە گوتارێکدا لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوتی، "دەبێت یەک شت بە تەواوی روون بێت؛ ڤەنزوێلا خاوەندارێتی و سەروەریی خۆی بەسەر سەرچاوەکانیدا دەپارێزێت."
سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا هەروەها گوتی، ئامانج لەم رێککەوتنە ئەوەیە کە سەرچاوەکانی ژێرزەوی بکرێنە "سەرچاوەیەکی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ گەلی ڤەنزوێلا."
حکومەتی کاراکاس رایدەگەیێنێت کە رێککەوتنەکە 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لەخۆدەگرێت بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی نەوت لەو وڵاتەی کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتە لە جیهاندا.
نیگەرانی و گومان لە شەفافیەتی رێککەوتنەکە
نەبوونی شەفافیەتی تەواو نیگەرانیی لەنێو خەڵکی ڤەنزوێلا و تەنانەت لایەنگرانی حکومەتیش دروستکردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنە لە کەمبوونەوەی سەروەریی وڵات و کەمبوونی دەستکەوتە ئابوورییەکان دەگیرێت.
حکومەتی ڤەنزوێلا ئێستا لەژێر گوشارێکی تووندی ئیدارەی ترەمپدا کاردەکات، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەیان لە دەسەڵات دوورخستەوە و دەستگیریان کرد. واشنتن رێگەی بە رۆدریگێز دا وەک سەرۆکی کاتی بمێنێتەوە بەو مەرجەی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئەمریکادا هەنگاو بنێت.
بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم بۆ تەممووز بە رێژەی 29.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام هێشتا زۆر کەمترە لە ئاستی 3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کە 25 ساڵ لەمەوبەر بەرهەمی دەهێنا.
ئەم دەستپێشخەرییە دەکرێت بووژانەوەی ئابووریی ڤەنزوێلا خێراتر بکات؛ وڵاتێک کە بەهۆی داڕمانی 80%ی ئابوورییەکەی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2021 ملیۆنان هاووڵاتیی کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.



