رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، رۆژی شەممە لە هێرشێکی رووسیادا بۆ سەر ناوچەی بووچا لە نزیک کیێڤی پایتەخت، لانیکەم 37 کەس کوژران.
تەیموور تکاچێنکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەکە رایگەیاند، لە هێرشەکەدا لانیکەم 50 باڵەخانەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە، کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و تەشەنەسەندنی بۆ نێو ماڵەکان و خواردنگەیەک.
ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆگایەک لە گوندی میلا کراوەتە ئامانج و "دواتریش تەقیوەتەوە."
زیلینسکی زانیاریی زیاتری لەسەر شوێنەکە نەدا، بەڵام لە هەمان پەیامدا نووسیویەتی کە رێکاری یاسایی دەستیپێکردووە بە تۆمەتی کەمتەرخەمیی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و گوتیشی: "رێنمایی و یاسا هەن، نابێت چەک و تەقەمەنی لە نزیک ماڵەکان یان ناوچەکانی نیشتەجێبوون کۆگا بکرێن."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی رووداوەکەوە زیان بە خانەیەکی چاودێریی بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەگەڵ چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیشتووە. گوتیشی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 370 کەس گوێزراونەتەوە و پرۆسەی گواستنەوەش بەردەوامە."
سێرهی کۆرێتسکی، سەرۆکوەزیرانی ئۆکرایناش هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو کۆگایە نەدا کە کراوەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بە هێرشێکی سەرەتای ئەم مانگە کرد بۆ سەر ناوچەی ڤیشنێڤێ لە دەوروبەری کیێڤ، کە تێیدا کۆگایەکی تەقەمەنی کرایە ئامانج و بەهۆیەوە 22 کەس کوژران و چەندین تەقینەوە و ئاگری گەورەی لەنێو ماڵەکانی دەوروبەری لێکەوتەوە.
کۆرێتسکی گوتی: "بەداخەوە، ئێستا دەبینین کە کارەساتە تۆقێنەرەکەی ڤیشنێڤێ نەبووە وانەیەک." هەروەها گوتیشی: "لە پێنجەمین ساڵی لەشکرکێشییەکی سەرتاسەریدا، دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە کەمتەرخەمییەکی تاوانکارییە و دەبێت هەموو تاوانباران بەبێ جیاوازی بە تووندی سزا بدرێن، بۆ ئەوەی دۆخی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە."
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆگایەکیان لە گوندی میلا کردووەتە ئامانج، کە پارچە و بزوێنەری هەڵدانی بۆ درۆنی دوور مەودا تێدا هەڵگیرابوون.
هەروەها رووسیا رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بەندەرەکانی میکۆلایڤ و ئیسمایل، لەگەڵ سەنتەرێکی لۆجستی و کۆگایەکی پارچەی مووشەکی کرووزی جۆری (فلامینگۆ)ـی ئۆکراینی لە هەرێمی کیێڤ.
بەردەوامیی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە کیێڤ پێی نایە سێیەم رۆژییەوە، کە بووەتە هۆی پەکخستنی ئابووریی پایتەختی ئۆکراینا و تێکدانی ژیانی خەڵکی سڤیل، ئەوەش دوای زیاتر لە 4 ساڵ و نیو لە دەستپێکردنی لەشکرکێشییە سەرتاسەرییەکەی رووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ناوخۆیی رایگەیاند، رۆژی شەممە بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر هەرێمی خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینا، دوو کەس کوژران و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.



