رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیای فیدراڵ، کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی زاکسن
ئەنهالت کەوتووەتە قۆناغێکی گەرمەوە؛ پارت و لایەنە سیاسییەکان لەم هەرێمەی رۆژهەڵاتی
ئەڵمانیا کە نێزیکەی دوو ملیۆن و 100 هەزار کەسی لێ دەژێت، کێبڕکێیەکی توند لەسەر
بەدەستهێنانی 97 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن.
مامەد کە ناوی تەواوی مومەد مستۆیە، هاونیشتمانییەکی ئێزدیی خەڵکی قەستەل
جندۆیە لە چیای کورمێنجی عەفرین و لە ریزبەندی چوارەمی لیستی پارتی سەوز بۆ
پەرلەمانی هەرێمەکە بەربژێرە.
مامەد راستەوخۆ بەشداری لە چالاکییەکان و کەمپەینی پارتەکەیدا دەکات. لە
چوارچێوەی چالاکییەکانیدا، راوەستاو لەگەڵ سەرۆکی لیستی پارتەکەی لە هەرێمەکە و
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، خزمەتی کۆمەڵایەتی پێشکەش بە خەڵکی
دەستکورت دەکەن و خواردن بۆ هەژاران دروست دەکەن. خەمی سەرەکیی ئەو گەنجانی خاوەن
پاشخانەی بیانیین، لە کاتێکدا سەرهەڵدانی پارتی راستڕەوی تووندڕەویش نیگەرانی
دروست کردووە.
مامەد محەممەد، بەربژێری پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە هەرێمی زاکسن ئەنهالت
لەبارەی ئامانج و خەمەکانی بۆ پێکهاتەکان بە رووداوی راگەیاند، کە هەوڵەکانی بۆ
پشتگیری لە گەنجانی بیانی و دروستکردنی دەرفەتی یەکسانە تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی
ئەرێنی بەشدار بن لە کۆمەڵگەدا.
پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 16 ساڵ، مامەد لە ساڵی 1996دا گەیشتووەتە ئەڵمانیا
و لەو کاتەوە لە شارۆچکەی هاله دەژیت؛ ناوچەیەک کە پێشتر بەشێک بووە لە ئاڵمانیای رۆژهەڵات
و تاوەکو رادەیەک خەڵکەکەی لە بەرامبەر بیانییەکاندا نامۆ بوون. بەپێی وتەی ئەو،
زیاتر لە 70 هەزار دەنگدەری بیانی لە هەرێمەکە هەن کە دەتوانن رێگری لە پارتی دژی
بیانی و کۆچبەران بکەن تاوەکو بە تەنیا حکومەت پێکنەهێنێت.
مامەد محەممەد لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداوی گوتی: "توانای
دەنگدەرانی بیانی لەم هەرێمەدا بڕیاردەرە و دەکرێت بەشداریکردنیان رێڕەوی سیاسی لە
ناوچەکە بگۆڕێت و پێش بە هەڵکشانی هێزە راستڕەوەکان بگرێت."
تەکەنەبەربژێری کورد لە پەرلەمانی هەرێمەکە سەردانی ئۆفیسی پارتەکەی لە
شاری مارتین لوتەر دەکات؛ ئەو شارەی ئینجیلی تێدا بۆ زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدراوە و
لەوێ لەگەڵ دەنگدەر و لایەنگرانی گفتوگۆ دەکات.
لەبارەی ئەوەی ئایا کۆمەڵگەی ناوچەکە ئامادەیە بیانییەک لەسەر کورسیی
پەرلەمان ببینێت، مامەد محەممەد بە رووداوی راگەیاند کە کار و خزمەتەکانی ڕابردووی
پێوەرن بۆ وەرگرتنی متمانەی هاووڵاتییان و ئومێدەوارە خەڵکی هەرێمەکە بێ جیاوازی
پشتگیری لە بەرنامە سیاسییەکەی بکەن.
پێش ئەوەی بە فەرمی دەست بە چالاکیی سیاسی بکات، مامەد گەورەترین
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆچبەران و بیانییانی لە هەرێمەکە دروست کردبوو و چەندین
خەڵاتی رێزلێنانی لەلایەن دامەزراوەکانی زاکسن ئەنهالتەوە پێبەخشراوە. ئێستا هەوڵ
دەدات ئەزموونی کارە رێکخراوەییەکەی بباتە ناو هۆڵی پەرلەمان و نەخشە رێگای سیاسیی
رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا.


