رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی ئیکوادۆر لینین مۆرینۆ، سەرۆککۆماری پێشووی وڵاتەکەی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە کۆمپانیایەکی چینی سزادا. داواکاری گشتیی وڵاتەکە رۆژی هەینی رایگەیاند، مۆرینۆ بەهۆی تێوەگلانی لە کەیسێکی گەندەڵیدا سزای پێنج ساڵ زیندانیی بۆ دەرچووە.
ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە دروستکردنی بەنداوێکی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوییەوە هەیە بە ناوی کۆکا کۆدۆ سینکلێر کە لەلایەن کۆمپانیای ساینۆهایدرۆی چینییەوە جێبەجێ کراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی داواکاری گشتی، دادگا مۆرینۆ و شەش کەسی دیکەی، لەنێویاندا باڵیۆزێکی پێشووی چین، بە تاوانبار ناساندووە.
داواکاری گشتی دەڵێت، کۆمپانیا چینییەکە بە کۆی گشتی 76 ملیۆن دۆلار بەرتیلی داوە، کە ئەم بڕە دەکاتە 4٪ی تێچووی تەواوی پڕۆژەکە.
لینین مۆرینۆ لە ساڵانی 2017 تاوەکو 2021 سەرۆککۆماری ئیکوادۆر بووە، بەڵام ئەم تاوانانەی خراونەتە پاڵی، بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێنەوە کە لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2013 جێگری رافایێل کۆریا، سەرۆککۆماری پێشووتری وڵاتەکە بووە.
هەرچەندە مۆرینۆ بە پاڵپشتی کۆریا بووە سەرۆک، بەڵام دواتر پەیوەندییەکانیان تێکچوو و مۆرینۆ رێچکەیەکی سیاسیی راستڕەوی گرتە بەر و لە ئەمریکا نزیک بووەوە.
مۆرینۆی تەمەن 73 ساڵ، کە کەمئەندامە و پێشتر نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە بۆ کاروباری کەمئەندامان، دوای بڕیارەکەی دادگا هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی: "سەنتێکم لەو کۆمپانیایە وەرنەگرتووە." ئەو هێرشی کردە سەر "رژێمی کۆریا" و رایگەیاند، رکابەرە سیاسییەکەی ویستوویەتی تۆڵەی لێ بکاتەوە.
مۆرینۆ هێشتا دەستگیر نەکراوە و لە دەرەوەی زیندانە تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر ماوەی سزادانەکەی دەدرێت. هەرچەندە دادگا سزای پێنج ساڵی بۆ بڕیوەتەوە، بەڵام داواکارانی گشتی داوا دەکەن سزاکەی بۆ شەش ساڵ و نیو زیندانی زیاد بکرێت.
جگە لە مۆرینۆ، هاوسەرەکەی، کچەکەی و چەندین بازرگان و بەرپرسی دیکەی پڕۆژەکە لەم دۆسیەیەدا ناویان هاتووە و بە کۆی گشتی نزیکەی 20 کەس تێوەگلاون.



