رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، یادی 25 ساڵەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001 لە وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) دەکاتەوە. هاوکات بە تووڕەیییەوە ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە گوایە بەهۆی رێگریکردن لە پێشکێشکردنی گوتار، بڕیاری داوە بەشداریی رێوڕەسمەکەی نیویۆرک نەکات.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" پێشتر بڵاویکردبووەوە، ترەمپ لە سەرەتادا بەنیازی بەشداریکردن بووە لە رێوڕەسمی یادی قوربانییان لە شوێنی دوو تاوەرەکە لە نیویۆرک، بەڵام دوای ئەوەی بۆی دەرکەوتووە رێکخەرانی رێوڕەسمەکە رێگە بە هیچ بەرپرسێک نادەن گوتار پێشکێش بکات، پلانەکەی گۆڕیوە.
کاتێک رۆژنامەڤانان لە ترەمپیان پرسی، بۆچی ناچێتە نیویۆرک؟ لە وەڵامدا گوتی: "چونکە دەچمە پێنتاگۆن." کاتێکیش پرسیاری لێکرا، بۆچی ناتوانێت لە هەردوو شوێن ئامادە بێت؟ تەنیا وەڵامەکەی خۆی دووبارە کردەوە.
کۆشکی سپی بە ئاژانسیی ئەی ئێف پی راگەیاندووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی نیویۆرک دەکات. ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە 25ـەمین ساڵیادی ئەم رۆژە دڵتەزێنەدا، سەرۆک یادی ئەوانە دەکاتەوە کە لەسەر دەستی تیرۆریستان کوژران، رێز لە کەسوکاریان دەگرێت و سوپاسی تیمە فریاگوزارە ئازاکان دەکات کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ رزگارکردنی هاونیشتمانییەکانیان."
ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵەوە هێرشێکی تووندی کردە سەر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ماگی هابەرمان، رۆژنامەڤانی ئەو دەزگایە و هەواڵەکەی بە "هەواڵی گەندەڵ و ساختە" ناوبرد.
ترەمپ نووسیویەتی: "من چەندین ساڵە دەچمە نیویۆرک، لەوێ کەس قسە ناکات و رێوڕەسمەکە تەنیا بێدەنگی و رێزگرتنە. تەنانەت بیرم لەوەش نەکردووەتەوە کە ئەو رۆژنامەڤانە دایتاشیوە. زۆریش حەز دەکەم گوتار پێشکێش نەکەم، چونکە من هەمیشە خەریکی قسەکردنم، ئەمە رۆژێکە تەنیا بۆ یادکردنەوەی قوربانییان و خێزانە ئازیزەکانیانە."
هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، کە لەلایەن رێکخراوی قاعیدەوە ئەنجامدرا، بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 3000 کەس، کاتێک چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگر رفێندران و کێشران بە دوو تاوەرە بەنێوبانگەکەی نیویۆرک (توین تاوەر)، پێنتاگۆن و کێڵگەیەک لە ویلایەتی پێنسلڤانیا.



