رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێ، ئەم هەفتەیە سێ هێرشی درۆنی کراونەتە سەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکراینا. دوو فەرمانبەر لە ئەنجامی هێرشەکان بریندار بوون و مەترسیی نوێ بۆسەر وێستگەکەش دروستبووە.
یەکێک لە هێرشەکان رۆژی سێشەممە کراوەتە سەر ناوچەیەکی نزیک لە سیستمی فێنککەرەوەی وێستگەکە.
رۆژی چوارشەممەش، دوو درۆنی دیکە وێستگەکەیان کردووەتە ئامانج. یەکێکیان لە کۆگای پاشماوەی سووتەمەنییە ئەتۆمییەکان تەقیوەتەوە و ئەوی دیکەشیان لە سیستمی ئاوڕشێنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی وزەی داوە.
رافایێڵ گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، هەر هێرشێک بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەکان "قبووڵنەکراوە" و داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کرد "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنی سەربازی بنوێنن تاوەکو رێگری لە روودانی هەر جۆرە کارەساتێکی ئەتۆمی بگرن."
وێستگەی زاپۆریژیا کە دەکەوێتە باشووری ئۆکراینا، لە ئاداری 2022ـەوە لەلایەن سوپای رووسیاوە کۆنترۆڵ کرا.
تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئەیلوولی 2022ـەوە لەنێو وێستگەکەدا ئامادەییان بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە هەیە.
هەر شەش کارلێکەری وێستگەی زاپۆریژیا، کە بەیەکەوە دەتوانن شەش گێگاوایت کارەبا دابین بکەن، لە ساڵی 2022ـەوە کوژێندراونەتەوە و کارکردنیان راگیراوە، وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە روودانی کارەساتی تیشکدانەوەی ئەتۆمی بەهۆی بەردەوامی مەترسییەکانی هێرشکردن بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکە.



