رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێت، 11.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر، رێگای کاکێشان گەلەئەستێرەیەکی دیکەی قووتداوە.
لەو کاتەدا رێگای کاکێشان تەمەنی تەنیا دوو ملیار ساڵ بووە، پاش تەقینەوە مەزنەکەی دەستپێکی گەردوون لە نزیکەی 13.8 ملیار ساڵ پێش ئێستا.
رێگای کاکێشان یان رێگای شیری ئەو گەلەئەستێرەیەیە کە کۆمەڵەی خۆرەکەی خۆمانی تێدایە.
ئەو گەلەئەستێرەیەی قووتدراوە ناوی LKHی لێنراوە؛ قووتدان لێرەدا واتە تێکەڵبوون. کاکێشان لەو گەورەتر بووە و خستوویەتیە ژێر رکێفی خۆیەوە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی Nature Astronomy بڵاوکراوەتەوە. د. داڤید مەساری، لە پەیمانگەی نیشتمانیی ئیتاڵیا بۆ فیزیای گەردوونی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەیە.
د. مەساری دەڵێت، لەو باوەڕەدان رووبەری گەلەئەستێرە قەزەمەکە 25%ی کاکێشان بووە و خۆری تێدابووە 500 ملیۆن هێندەی خۆرەکەی خۆمان گەورە بووە.
توێژەرەکان بۆ گەیشتن بەو تێگەیشتنانە تێلەسکۆپە پێشکەوتووەکانی وەکو گایا و هەبڵیان بەکارهێناوە.
کاکێشان یەکەم جاری نییە
پێشتر زانراوە کاکێشان دوو گەلەئەستێرەی دیکەی قووتداوە (تێکەڵیان بووە)، یەکێکیان بەناوی GSE لە 10 ملیار ساڵ لەمەوبەر و ئەوەی دیکەیان بەناوی Sagittarius کە 6 ملیار ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە و هێشتاش بەردەوامە.
واتە تائێستا دەزانین کاکێشان لەگەڵ سێ گەلەئەستێرەی دیکەدا تێکەڵ بووە، هەموویان لەم بچووکتر بوون و بوونەتە بەشێک لە قەبارە و رووبەری گەلەئەستێرەکەی خۆمان.
هەموو ئەم تێکەڵبوونانە کاریگەرییان لەسەر پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆرەکەی خۆمان و پەیدابوونی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی هەبووە. د. مەساری دەڵێت، "لەبەر ئەمەیە کە پێموایە تێگەیشتن لە مەتەڵەکانی کاکێشان دەتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە: ئێمە لەکوێوە هاتووین؟".
گەردوون چەند فراوانە؟
گەردوون تاوەکو ئەو شوێنەی دەتوانین بیبینین و هەستی پێبکەین، دوو ترلیۆن گەلەئەستێرەی تێدایە. هەر گەلەئەستێرەیەک بەپێی قەبارەکەی دەکرێت لە 10 ملیۆنەوە تاوەکو 100 ترلیۆن ئەستێرەی تێدابێت (کاکێشان تاوەکو 400 ملیاری تێدایە). هەر ئەستێرەیەک، وەکو خۆرەکەی خۆمان، دەکرێت چەندین هەسارەی بە دەوردا بێت. هەر هەسارەیەکیش دەکرێت یەک یان چەند مانگی هەبێت.
ئێمەی مرۆڤ لەنێو دوو ترلیۆن گەلەئەستێرەدا کەوتووینەتە نێو کاکێشان. لەنێو کاکێشانیشدا ئەم کۆمەڵە خۆرەی کە دەیناسین. دەزانی چەند کۆمەڵەی خۆری دیکە لە کاکێشان هەیە؟ زیاتر لە 100 ملیار. ئەم زانیارییانە هێندە شۆکهێنەرە، مرۆڤ دەتوانێ ساڵانی ساڵ بیری لێبکاتەوە.



