رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نیپاڵ دەڵێت، بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکەوە تائێستا 469 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 1000 کەسی دیکە بێسەروشوێنن، تیمەکان لە گەڕان بەدوای قوربانییەکان بەردەوامن.
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، پۆلیسی نیپاڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی بەهۆی لافاوەکەوە راگەیاند. لە هەرێمی تیبتی چین، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 558 کەسی دیکە بێسەروشوێنن، 260یان هاووڵاتیی بیانین.
بەپێی زانیارییەکانی بۆردی گەشتیاریی نیپاڵ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زیاتر لە 500 گەشتیاری بیانی لە 32 وڵاتی جیاوازەوە لە نێو بێسەروشوێنبووەکاندان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە 90 هاووڵاتییان لەو ناوچە شاخاوییەدا چارەنووسیان نادیارە، کە ناوچەیەکی ناودارە بۆ شاخەوانی و گەشتە ئایینییەکان.
زیانەکان لە دیوی چین
لە هەرێمی تێبتی چین، بەرپرسان دەڵێن بەهۆی رۆچوونی زەوی و لافاو لە قەزای "گیرۆنگ"، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 558 کەسی دیکە بێسەروشوێنن، کە 260یان هاووڵاتیی بیانین. هێشتا روون نییە ئایا ئامارەکانی چین و نیپاڵ تێکەڵاوییان تێدایە یان نا.
پسپۆڕان و بەرپرسانی نیپاڵ ئاماژە بەوە دەکەن، لافاوەکە بەهۆی "داڕمانی بەستەڵەکەکان" (Glacial event) لە چیاکانی هیمالایا دروستبووە، کە بووەتە هۆی رۆچوونی زەوی و دروستبوونی شەپۆلێکی کتوپڕ و وێرانکەری ئاو و قوڕ و لیتە بەرەو خوارەوەی دۆڵەکان.
دیمەنە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دیمەنی ترسناکی لافاوەکە نیشان دەدەن کاتێک پردە کۆنکرێتییەکان دەپچڕێنێت و بەردە زەبەلاحەکان لەگەڵ خۆی رادەماڵێت. بەرپرسان دەڵێن: دەیان پرد بە تەواوی رووخاون. نزیکەی 40 کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی تێکچووە.
بەهۆی تێکچوونی رێگەکانەوە گەیشتنی تیمی فریاگوزاری بە هەندێ ناوچە ئەستەم بووە.




