رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند پۆستێکدا بە تووندی هێرشیکردە سەر سیناتۆر تۆم کۆتنی کۆماری و تۆمەتباری کرد بەوەی رێگری لە پڕۆژەیاسایەک دەکات کە کارکردن بە "کاتی هاوینە" بۆ هەمیشەیی جێگیر دەکات. ترەمپ لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیەوە ژمارەی مۆبایلی تایبەتیی سیناتۆرەکەی بڵاوکردەوە و داوای لە خەڵک کرد پەیوەندیی پێوە بکەن.
ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "ئەی خەڵکی مەزنی ئارکانساز، تۆم کۆتن کە هاوڕێی منە، رێگری لە پڕۆژەیاسایەکی زۆر گرنگ دەکات بە ناوی 'یاسای پاراستنی تیشکی خۆر' یان 'یاسای نامانەوێت ساڵانە دووجار کاتژمێرەکانمان بگۆڕین'. تکایە وا لە سیناتۆرەکەتان بکەن بزانێت ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنی هەردوو پارتەکە دەبێت بۆ ئەنجوومەنی پیران و تەواوی ئەمریکا."
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ژمارەکە، بەشی پەیامی دەنگیی مۆبایلی سیناتۆر کۆتن پڕبوو و هێڵەکەی لەبەردەستدا نەما. ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ ژمارەی مۆبایلی سیناتۆرێکی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات؛ لە ساڵی 2016 لە کاتی هەڵبژاردنە بەراییەکاندا، لە میانی گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا ژمارەی تایبەتیی سیناتۆر لیندزی گراهامی خوێندەوە.
کێشەی تاریکیی بەیانیان و وەڵامی سیناتۆر کۆتن
تۆم کۆتن، سیناتۆری ویلایەتی ئارکانساز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، هەمیشەییکردنی کاتی هاوینە وادەکات بەیانیانی زستان درەنگ رۆژ هەڵبێت و کاریگەری لەسەر کارکردنی خەڵک دەبێت.
کۆتن نووسیویەتی: "کەس حەز بە گۆڕینی کاتژمێر ناکات، منیش یەکێک لەوان، بەڵام کۆنگرێس پێشتریش چەندین جار کاتی هاوینەی بۆ هەمیشەیی پەسند کردووە و هەر جارێکیش خەڵکی ئەمریکا لە زستاندا رووبەڕووی دواکەوتنی بێمانای هەڵهاتنی خۆر بوونەتەوە، هەڵیوەشاندووەتەوە. دانیشتووانی ئارکانساز نایانەوێت منداڵەکانیان لە تاریکیی رەهای بەیانیدا بچنە قوتابخانە، منیش هەمیشە ئارکانساز دەخەمە پێش هەموو شتێکەوە."
لە بەرامبەردا ترەمپ بە ناردنی نامەیەکی برایان رۆلاپ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (PGA Tour) کە پاڵپشتی لە پڕۆژەیاساکە دەکات، وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئەگەر کۆتن ئارکانسازی بخستایەتە پێش هەموو شتێکەوە، کاژێرێکی زیاتری تیشکی خۆری پێدەبەخشین و خەڵک ناچار نەدەبوون ساڵی دووجار بە ماڵ، کێڵگە و شوێنی کارەکانیاندا رابکەن بۆ گۆڕینی کاتژمێرەکان و زۆرجاریش لەبیری بکەن." پێش بەڕێکەوتنیشی بۆ ئۆهایۆ، ترەمپ جەختی کردەوە کە گۆڕینی کاتژمێر "مێشکی هەمووان تێکدەدات و خەڵک دوادەکەون."
نیگەرانییە ئەمنییەکان و هۆشداری لە هاککردنی مۆبایلی سیناتۆرەکە
بڵاوکردنەوەی ژمارەی مۆبایلی سیناتۆرەکە کاردانەوەی سیاسی و ئەمنیی لە کۆنگرێس لێکەوتەوە؛ خواکین کاسترۆ، ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەران هۆشداری دا کە ترەمپ بەم هەنگاوەی کۆتنی خستووەتە مەترسییەوە.
کاسترۆ بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند: "هەنگاوەکەی ترەمپ توانای هاککردنی ئامێرەکەی دەداتە وڵاتانی وەک چین، رووسیا یان لایەنە نادەوڵەتییەکان. لە راستییدا ئەوان تەنیا پێویستیان بە ژمارەی مۆبایلەکەتە، چونکە هێندە پێشکەوتوون کە بتوانن بە ئاسانی هاکی بکەن."
ناکۆکی لەسەر یاسای گۆڕینی کاتژمێر لە ئەمریکا
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە وەرزی هاویندا بە زۆرینەی 308 دەنگ بەرامبەر 117 دەنگ پڕۆژەیاساکەی بۆ جێگیرکردنی کاتی هاوینە لە سەرانسەری وڵاتدا پەسند کرد، بەڵام پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی پیران بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی کۆتن و بەشێک لە یاسادانەرانەوە پەکی کەوتووە.
لایەنگرانی پڕۆژەکە دەڵێن جێگیرکردنی کات وادەکات ئەمریکییەکان لە تێکچوونی خەوی منداڵان و خەمۆکیی وەرزی رزگاریان بێت، بەڵام نەیارانی پڕۆژەکە هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە زیانی ئابووریی بۆ جووتیاران هەیە؛ چونکە لە چەندین شاری گەورەی ئەمریکادا لە مانگەکانی زستاندا تاوەکو دوای 8ـی بەیانی خۆر هەڵنایەت. ترەمپ لە کۆتایی پۆستەکانیدا داوای لە کۆتن کرد پڕۆژەکە پەسند بکات و گوتی: "سەرکەوتنەکە وەربگرە تۆم، تۆ پێویستت پێیەتی و پارتی کۆماریش پێویستی پێیەتی."



