رووداو دیجیتاڵ
میدیای بەریتانی ئاشکرای دەکات، هاککەرانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویانە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا دەستیان بگاتە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەریتانیا و بۆ ماوەی 4 رۆژ بە تەواوی پەکی بخەن.
بەپێی راپۆرتێک کە تێلێگراف بڵاوی کردووەتەوە، ئەمە بە سەرکەوتووترین هێرشی سایبەریی ئێران دادەندرێت بۆ سەر ژێرخانی نیشتمانیی بەریتانیا، کە لەلایەن هاککەرانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران و سوپای پاسدارانەوە کراوە.
ئەم هێرشە هاوکات بووە لەگەڵ زنجیرەیەک هێرشی سایبەریی تاران بۆ سەر ژێرخانی ئاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، کە تێیدا سیستمی ئاوی 12 ویلایەتی ئەمریکا پەکخرابوو.
لە هێرشەکەی ئەمریکادا کە لە 21ی تەممووز کرا، هاککەرەکان سوودیان لە وشەی نهێنیی لاوازی ئامێرە کۆنترۆڵە ئۆتۆماتیکییەکان وەرگرتبوو کە بە ئینتەرنێتەوە بەسترابوونەوە. ئەمەش وایکردبوو چەندین وێستگە کارەکانیان بۆ باری "دەستی" بگۆڕن و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێبدەن.
بەرپرسانی بەریتانیا بەهۆی رێکارە ئەمنییەکانەوە ناوی وێستگە کارەباییەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە وێستگەکە بۆ ماوەی 4 رۆژ لەکارکەوتووە تاوەکو کارمەندان توانیویانە دووبارە بیخەنەوەگەڕ، چونکە وێستگەکە قەبارەیەکی بچووکی هەبووە، پەکخستنی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر تۆڕی سەرەکیی کارەبای نیشتمانی و دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان نەبووە.
دوای رووداوەکە، حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی وزە کۆبووەتەوە و دۆسیەکە ئاراستەی "سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی" (NCSC) کراوە، کە بڕبڕەی پشتی ئاژانسی هەواڵگریی بەریتانیایە (GCHQ).
ئاژانسە هەواڵگرییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا (FBI) هۆشداری دەدەن کە هێرشە سایبەرییەکانی تاران دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شوباتی ئەمساڵەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
ئێران بڕێکی زۆر دارایی بۆ جەنگی سایبەری لەژێر چاودێریی سوپای پاسداران تەرخان کردووە. هەرچەندە پێشتر هاککەرە ئێرانییەکان هێرشیان کردبووە سەر کەرتی تەندروستی و پیشەسازیی بەریتانیا (وەک کۆمپانیای جاگوار لاند رۆڤەر)، بەڵام گەیشتن بە وێستگەیەکی وزە بە وەرچەرخانێکی مەترسیدار لە تواناکانی تاران دادەندرێت.
بەریتانیا ئێستا رێکارەکانی ئاسایشی سایبەری لە دامەزراوەکانی وزە و ئاو تووندتر کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر پەکخستنێکی دیکەی گەورە لە داهاتوودا.



