- - ئەپڵ نزیکەی 60 کارمەندی بەشی پەرەپێدانی VRی دوورخستووەتەوە.
- - کۆمپانیاکە سەرنجی لەسەر Vision Pro کەم دەکاتەوە و روودەکاتە چاویلکەی زیرەکی سووک.
- - نرخی گرانی (3,499$) و کێشی قورسی ئامێرەکە رێگربوون لە سەرکەوتنی بازرگانی.
- - جۆن تێرنوس لە 1ی ئەیلوولدا دەبێتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێی ئەپڵ لە شوێنی تیم کووک.
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەپڵ ئینسایدەر، کۆمپانیای ئەپڵ نزیکەی 60 کارمەندی سەر بە بەشی پەرەپێدانی راستیی گریمانەیی (VR) لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکە دەیەوێت زیاتر سەرنج بخاتە سەر دروستکردنی چاویلکەی زیرەک. واتە دەیەوێت کارکردن لەسەر هێدسێتی (ڤیژن پرۆ) کەم بکاتەوە و بایەخ بە چاویلکە بدات.
پێدەچێت هۆکاری ئەم بڕیارە ئەوە بێت کە ئامێرە پێشکەوتووەکەی ئەپڵ بەناوی ڤیژن پرۆ، لەوەتەی لە شوباتی 2024ـدا خراوەتە بازاڕەوە، نەیتوانیوە وەک پێویست سەرنجی خەڵک رابکێشێت و بەباشی بفرۆشرێت.
پشکەکانی ئەپڵ لە بۆرسەدا بە رێژەی 1.8٪ دابەزینیان بەخۆیانەوە بینی، هەرچەندە دواتر کەمێک بەرزبوونەوە.
بۆچی ڤیژن پرۆ سەرکەوتوو نەبوو؟
ئامێری ڤیژن پرۆ کە نرخەکەی لە 3,499 دۆلارەوە دەستپێدەکات، لە سەرەتادا وەک شۆڕشێکی نوێ لە جیهانی تەکنەلۆجیادا ناسێندرا. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە نرخەکەی زۆر گران بوو، کێشی ئامێرەکەش قورس بوو و هەروەها ئەپی زۆری بۆ دروست نەکرابوو تاوەکو خەڵک بۆ کاری رۆژانە سوودی لێ ببینن.
"ئەپڵ سەرنج و پارەکەی زیاتر دەخاتە سەر دروستکردنی چاویلکەی زیرەکی سووک"
هەرچەندە بەکارهێنەران ستایشی روونیی شاشەکەی و پێشکەوتوویی تەکنەلۆجیاکەیان دەکرد، بەڵام ئەم کێشانە وایانکرد فرۆشەکەی زۆر کەم بێت و تەنیا کەسانی ئارەزوومەندی تەکنەلۆجیا بیکڕن، نەک خەڵکی ئاسایی.
ئەپڵ روودەکاتە چاویلکەی زیرەک؟
دەرکردنی ئەو کارمەندانە بەو واتایە نایەت کە ئەپڵ بەتەواوی وازی لە پرۆژەی ڤیژن پرۆ هێناوە، چونکە هێشتا بەشێک لە تیمەکە خەریکی پەرەپێدانی سیستمی کارپێکردنەکەیین کە پێی دەگوترێت (visionOS). بەڵام ئەم هەنگاوە دەریدەخات کە ئەپڵ دەیەوێت سەرنج و پارەکەی زیاتر بخاتە سەر دروستکردنی (چاویلکەی زیرەکی سووک) و هەروەها پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بۆ (Siri).
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام لەم بوارەدا زۆر لەپێشترە؛ چاویلکە زیرەکەکانی کە بە هەوڵێکی هاوبەش لەگەڵ (رەیبان) دروستی کردوون، بە ملیۆنان دانەی لێ فرۆشراوە و پێشەنگی بازاڕەکەیە. پێشبینیش دەکرێت ئەپڵ لە ساڵی 2027ـدا یەکەمین چاویلکەی زیرەکی خۆی رابگەیێنێت.
گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی ئەپڵ
ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا چەند رۆژێک پێش ئەوە دێن کە جۆن تێرنوس لە 1ـی ئەیلوول پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ لە تیم کوک وەربگرێت. تێرنوس کە پێشتر سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی ئامێرەکان بووە، چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاریی گەورە لە جۆری بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەدا بکات.



