رووداو دیجیتاڵ
تیپی شانۆیی (هاوار) لە شاری کەرکووکی باشووری کوردستانەوە هاواری ئەنفالی گەیاندە رووسیا.
تیپی هاوار بە شانۆگەریی (سەلما) بەشداری لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی ئۆسترۆڤسکی کرد و کۆمەڵکوژیی ئەنفال و کارەساتی ئاوارەبوونی خەڵکی کوردستانی لەسەر تەختی شانۆ نیشاندا.
هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی ئۆسترۆڤسکی، رۆژی 18ی ئاب لە شاری کینێشما لە هەرێمی ئیڤانۆڤۆی رووسیا دەستیپێکرد. ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 2019ـەوە ساڵانە بەڕێوەدەچێت و تەرخانکراوە بۆ رێزگرتن لە کارەکانی ئەلێکساندەر ئۆسترۆڤسکی، نووسەری گەورەی رووسیا.
بۆ شەش رۆژ، لە 18 تاوەکو 23ـی ئاب، 18 نمایشی جیاواز، لە کارە کلاسیکییەکانەوە بگرە تاوەکو بەرهەمە تاقیکارییەکان، لەسەر سێ تەختی شانۆی جیاوازی شاری کینێشما کە دەکەوێتە سەر کەناری رووباری ڤۆڵگا، پێشکێش دەکرێن.
ئەم ساڵ فێستیڤاڵەکە میوانداریی تیپە شانۆییەکانی 11 وڵاتی کردووە، لەنێویاندا عێراق، ئەرمینیا، فەرەنسا، عومان و چین، لەگەڵ چەندین تیپی ناوخۆیی رووسیا لە شارەکانی مۆسکۆ، تڤێر، پێنزە، یارۆسلاڤل، سێڤاستۆپۆڵ و خودی شاری کینێشما.
تیپی هاواریش وەک نوێنەری باشووری کوردستان و عێراق بە شانۆگەریی (سەلما) بەشدارە.
نەژاد نەجم، دەرهێنەر و سینۆگرافەری تیپەکە بە رووداوی راگەیاند، بەپێی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە، رۆژی 20ـی ئاب چوونەتە سەر تەختی شانۆ. ئەو هاونیشتمانییە گوتی کە نمایشەکەیان بە زمانی کوردی پێشوازییەکی زۆر گەورەی لێکراوە و سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
تیپی شانۆیی (هاوار) لە ساڵی 2014 دامەزراوە؛ تیپێکی نێودەوڵەتییە کە دەیان ئەکتەری لە کوردستان، فەرەنسا، میسر، توونس، عێراق و ئێرانەوە تێدایە.
نەژاد نەجم ئاماژەی بەوەش کرد، دەقی شانۆگەریی (سەلما) لەلایەن دڵشاد مستەفاوە نووسراوە و خۆیشی کاری سینۆگرافی و دەرهێنانی بۆ کردووە.
ئەکتەری سەرەکیی نمایشەکە هاوار فارسە، دیزاینەر و تەکنیککار بەرهەم یاسینە و ئاوازدانەری میوزیکی شانۆگەرییەکەش ئاراس ساڵحە.


