رووداو دیجیتاڵ
دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.7 پلە بە پێوەری رێختەر باشووری پیرۆی هەژاندووە. بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکانیش، تاوەکو ئێستا سێ کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی دەستەکە، چەقی بوومەلەرزەکە لە دووری 40 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای ناوچەی ئۆپاواچۆ و نزیکەی 800 کیلۆمەتر لە لیمای پایتەختەوە بووە. بوومەلەرزەکە لە کاژێر 1ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ (کاژێر 21:00 شەوی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر) و لە قووڵایی 99 کیلۆمەتردا روویداوە.
هاوکات پەیمانگای جیۆفیزیکی پیرۆ گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 7.2 پلە و لە قووڵایی 108 کیلۆمەتر خەمڵاندووە.
بەرپرسانی پیرۆ ئاشکرایان کردووە، بەهۆی ئەم لەرزینە تووندەوە، لانیکەم 22 خانوو، شەش قوتابخانە و 12 ناوەندی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە، تیمەکانی فریاگوزاریش رەوانەی شارۆچکەکانی پوکیۆ و کۆراکۆرا کراون بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر.
میدیاکانی پیرۆ دیمەنی هەرەسێهێنانی بەرد و خۆڵیان لە گردەکانی دەوروبەری شارۆچکەی کۆراکۆرا بڵاوکردەوە کە نزیکترین شارۆچکەیە لە چەقی بوومەلەرزەکە. یۆنی ئۆدۆن، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەکە، رایگەیاند: "خەڵکەکە کاردانەوەیان هەبووە و ماڵەکانیان چۆڵکردووە و پەنایان بۆ شوێنی ئارام بردووە." هیوای خواست کە زیانەکان لەوە زیاتر نەبن.
ئەم بوومەلەرزەیەی پیرۆ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە مانگی حوزەیرانەوە رووبەڕووی دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر بووەتەوە؛ یەکەمیان لە 24ی حوزەیران لە ڤەنزوێلا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 6,400 کەس و دووەمیان هەفتەی رابردوو لە کۆڵۆمبیا کە نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستدا.
جگە لە باشووری پیرۆ، بوومەلەرزەکە لە شارەکانی دیکەی وەک کوسکۆ، ئارێکیپا و تەنانەت لە لیمای پایتەختیش هەستی پێکراوە، بەڵام بە گوڕێکی کەمتر. ئاژانسی کەشناسی وڵاتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پاشلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلە روویداوە.


