رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێکی میدیای ئەمریکی ترەمپ نەیتوانیوە ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات، بێزارییەکانی خۆی بەسەر عومان و هاوبەشەکانی دیکەی واشنتن دا دەڕژێنێت.
رۆژی 21ـی ئاب (بە کاتی هەولێر) واشنتن پۆستی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردووی بە هەڕەشەی بۆردوومانکردنی عومان دەستپێکرد، وەک نێوەندگیرێک لە نێوان واشنتن و تاران کار دەکات. رۆژی دواتر، ترەمپ نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا تەنگەی هورمز و کەناراوەکانی عومان، ئیمارات و ئێرانی وەک خاکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان نیشان داوە.
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی نەخشەکەی دایەوە و گوتی: "دووریی نێوان بێدەسەڵاتیی ئەمریکا لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و بانگەشەی خاوەندارێتی لێی، زۆر زیاترە لەو 7 هەزار میلەی لە نێوان واشنتن و تەنگەکەدا هەیە."
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ)ـەوە جەنگی ئابووریی دژی ئێران راگەیاند و هۆشداریی دایە هەر وڵاتێک کە هاوکاریی تاران بکات. ترەمپ گوتی: "هەر وڵاتێک رێگە بە دامەزراوە داراییەکان، فڕۆکەخانەکان یان لایەنە حکومییەکانی بدات هاوکاریی ئێران بکەن، رووبەڕووی لێکەوتی ئابووریی یەکجار گەورە دەبێتەوە."
"قاچاخی نەوت، گواستنەوەی پارەی کاش و کۆمپانیا وەهمییەکان دەبێت دەستبەجێ رابگیرێن." ترەمپ وای گوت.
جەنگی ئێران کە ئێستا شەشەم مانگی تێدەپەڕێنێت، گەیشتووەتە بنبەست. بەهۆی کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی و چەکی ئەمریکا، ترەمپ ئێستا بژاردەی سەربازیی پشتگوێ خستووە و سەرنجی خستووەتە سەر تێکشکاندنی ئابووریی ئێران.
ئالان ئایر، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ بە "فیلێکی زەبەلاحی تێکشکاو" دەچوێنێت کە "خەریکە هێدی هێدی لەناو زۆنگاوێکدا نوقم دەبێت."
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن ئێران "بە تەواوی فەوتاوە" و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا سەرکەوتووترین گەمارۆ بووە لە مێژوودا، بەڵام سەرەڕای ئازارە داراییەکان، هێشتا تاران ئامادە نییە ئەو سازشانە بکات کە ترەمپ دەیەوێت، بەتایبەت لە پرسی تەنگەی هورمزدا.
ئیمارات رایگەیاند کە هەموو پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران دەبڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتانی وەک سعودیە، قەتەر و ئیمارات لە لایەک پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ واشنتن هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە بەدوای رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی دیپلۆماسی دا دەگەڕێن لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی لە کاتی هەر گۆڕانکارییەکدا تووشی شۆک نەبن.
دانیال بنەیم، بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، دوور نییە وڵاتانی کەنداو پشتگیری لەو رێککەوتنە بکەن کە عومان هەوڵی بۆ دەدات، کە تێیدا ئێران و عومان پێکەوە تەنگەکە بەڕێوە دەبەن و باج لە کەشتییەکان وەردەگرن، چونکە بۆ ئەوان پاراستنی "رێڕەوی ژیانی ئابوورییان" لە هەموو شتێک گرنگترە.
ئێدوارد فیشمان، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئێران لە ساڵی 2018وە لەژێر سزای تووند دایە و بژاردەکانی ترەمپ سنووردارن. تاکە رێگەی ترەمپ ئەوەیە سزای هاوبەشەکانی ئێران وەک چین و تورکیا بدات، بەڵام هەڕەشەکردن لە تەواوی جیهان بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئابووریی ئەمریکا دەبڕدرێت ئەگەر مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن، کارێکی "ناواقیعییە" و جێگەی بڕوا نییە.
ئەم ئاڵۆزییانە تەنیا 73 رۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا دێن، کە تێیدا دیاری دەکرێت ئایا پارتی کۆماری دەتوانێت کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس بپارێزێت یان نا، لە کاتێکدا ترەمپ هێشتا نەیتوانیوە ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنێت کە بەڵێنی دابوو.



