- - جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوشاری ئابووری بۆ سەر ئێران بە کاریگەرترین ئامراز دەزانێت.
- - ترەمپ بەڵێنی سەپاندنی "جەنگی ئابووری و گۆشەگیری لەسەر ئاستێکی بێ پێشینە" بەسەر تاراندا دەدات.
- - عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت سزاکان شکست دەهێنن و ئێرانییەکان تووڕەتر دەکەن.
- - وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە دەکات کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، پلانی گوشاری ئابووریی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر ئێران "کاریگەرترین ئامرازە" بۆ ئەوەی ئەمریکا بگاتە ئامانجەکانی.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕی ئەمریکا و ئێران ئێستا "پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ".
ڤانس جەختی کردەوە کە دەبێت گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران بەردەوام بن و گوتیشی: "پێمان وایە ئەوە باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا هەموو ئامانجێکمان بەدەستبهێنین."
"بۆ هەمیشە رێگری لە تاران دەکەین لەوەی جارێکی دیکە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات"
ڤانس هەروەها رایگەیاند کە واشنتن هەوڵ دەدات "ئەو دۆخەی هەیە بگۆڕێ" و بۆ هەمیشە رێگری لە تاران بکات بۆ ئەوەی نەتوانێت جارێکی دیکە هەوڵیش بدات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو بوون لە گواستنەوەی نەوت و گاز بەنێو ئەو رێڕەوە ئاوییەدا، بەڵام جەختیشی کردەوە کە "دەبێت بڕێکی زۆر زیاتر ببەینە دەرەوە."
وەڵامی تاران بۆ هەڕەشەکانی واشنتن
هەر رۆژی پێنجشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تووندی وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکای لەبارەی زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان دایەوە رایگەیاند، ئەم جۆرە "سیاسەتە شکستخواردووانە" تەنیا ئێرانییەکان تووڕەتر دەکات و "شکستی زیاتریش دەهێنن."
ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی "رێوشوێنی ئابووریی تووندی" دژی ئێران کرد و بەڵێنی "جەنگی ئابووری و گۆشەگیری لەسەر ئاستێکی بێ پێشینە" دا. ترەمپ وردەکاریی زیاتری نەدا کە بە چ رێگەیەک گوشارەکە دەکات.
"تیرۆری ئابووریی ئەمریکا هەڕەشەیە بۆسەر ئابووریی جیهان و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان"
عێراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، ئامانجی ئەم هەڕەشانە، لادانی سەرنجی رای گشتیی ئەمریکایە لەسەر کێشە داراییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەیان و ئاماژەی بەوەش کرد، "تیرۆری ئابووریی ئەمریکا هەڕەشەیە بۆسەر ئابووریی جیهان و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان."
هەڕەشەی سزای لاوەکی لە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران
لەلایەکی دیکەوە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئێران رووبەڕووی "گەورەترین گۆشەگیریی ئابووریی رێکخراو لە مێژووی جیهان"دا دەبێتەوە.
"کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بڕیار بدەن لە چ بەرەیەکدا دەبن"
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، بێسێنت هەڕەشەی سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەدا کرد کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن و گوتی، کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بڕیار بدەن لە چ بەرەیەکدا دەبن. هەرچەندە ناوی نەهێنان، بەڵام چین و هیندستان گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانن.
