رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، بەهۆی بۆردوومانە چڕەکانی رووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری لە شەوی رابردوودا، لانیکەم 16 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە تێلیگرام نووسی، هێرشە مووشەکییە گەورەکان ناوچەکانی نیشتەجێبوون و کۆگاکانیان پێکاوە. بەپێی زانیارییەکانی کارگێڕی سەربازیی شارەکە، بنکەیەکی تەندروستی و دامەزراوەیەکی پەروەردەییش زیانیان بەرکەوتووە.
کلیچکۆ دواتر رایگەیاند ژمارەی کوژراوان لە پایتەخت گەیشتووەتە 16کەس و 33 کەسی دیکەش بریندارن.
تەیمور تکاچێنکۆ، پارێزگاری ناوچەی کیێڤ رایگەیاند، لە قەزای برۆڤاری پیاوێک کوژراوە و یەکێکی دیکە بریندار بووە. هێزی ئاسمانی ئۆکراینا پێشتر هۆشداریی دابوو لە چەند مووشەکێکی جۆری کالیبەری رووسی کە بەرەو پایتەخت ئاراستە کرابوون.
ئەم هێرشانە وایکرد وڵاتانی هاوسێی ئەندام لە ناتۆ بکەونە ئامادەباشی. پۆڵەندا رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ پاراستنی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی چالاک کردووە.
وەزارەتی بەرگری رۆمانیاش رایگەیاند، رادەرەکانیان چەند ئامانجێکیان لە نزیک سنووری ئۆکراینا دەستنیشان کردووە، ئەمەش وایکرد دوو فڕۆکەی جەنگیی ئیسپانی (کە لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆدان) و هەلیکۆپتەرێکی رۆمانی بفڕێنرێن. بەپێی راپۆرتەکان، درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵی رۆمانیا کەوتووەتە خوارەوە.
لە بەرامبەردا، حکومەتی رووسیا رایگەیاند، رووبەڕووی هێرشێکی گەورەی درۆنیی ئۆکراینا بووەتەوە. سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ، رایگەیاند کە 250 درۆن بەرەو ناوچەی مۆسکۆ ئاراستە کراون، بەڵام زۆربەیان لە دوورییەکی زۆر لە پایتەختەوە تێکشکێندراون و 28 درۆنیش لەناو خودی ناوچەی مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە.
ئۆکراینا لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر رووسیا زیاد کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر مۆسکۆ دەبینرێت تاوەکو بێتە سەر مێزی دانوستاندن و کۆتایی بەم جەنگە خوێناوییە بهێنرێت.



