رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زانیارییەکی ورد و دەگمەنی لەسەر قەبارەی جبەخانە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کیم جۆنگ ئون خاوەنی 57 چەکی ئەتۆمییە.
رۆژی چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو 57 چەکی ئەتۆمیی زۆر بەهێزی هەیە. نەدەبوو هەرگیز رێگە بدرێت کار بگاتە ئەم ئاستە و ئەمە روو بدات، بەڵام ئێستا ئەو چەکانەی هەیە."
سەرۆکی ئەمریکا وێڕای ئاماژەدان بەو ژمارە وردە، باسی لە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ رێبەری کۆریای باکوور کرد و گوتی: "من زۆر بە باشی لەگەڵیدا رێکدەکەوم."
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ هەر ئەمڕۆ رایگەیاند، پلانێکی هەیە بۆ ئەوەی بەر لە کۆتایی ئەمساڵ لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببێتەوە.
ترەمپ لە کاتی بەسەرکردنەوەی شوێنێکی نوێی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر کە لەناو کۆشکی سپی دروستی دەکات، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەیان گوتی: "بەڵێ، کۆدەبینەوە."
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان ئەمڕۆ خوشکی ریبەری کۆریای باکوور رایگەیاند، ئاگاداری هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی نێوان براکەی و سەرۆکی ئەمریکا نییە.


