رووداو دیجیتاڵ
لی جەی میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور پێشنیاری دەستپێکردنی گفتوگۆی لەگەڵ کۆریای باکوور کرد بۆ ئەوەی بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی درێژخایەنی نێوانیان بهێندرێت. ئەمە لەکاتێکدایە پیۆنگیانگ پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا بەهێزتر کردووە و جەخت لە بوونی خۆی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمیی دەکاتەوە.
هەردوو کۆریا تاوەکو ئێستا لە رووی تەکنیکییەوە لە جەنگدان، چونکە جەنگی ساڵانی 1950-1953 کە بە هێرشی کۆریای باکوور دەستیپێکرد، بە ئاگربەست کۆتایی هات نەک بە رێککەوتنامەی ئاشتی.
لی جەی میونگ لە گوتارەکەیدا بەبۆنەی ساڵیادی رزگاربوونی کۆریا لە دەسەڵاتی کۆڵۆنیاڵیزمی ژاپۆن (1910-1945) گوتی، "با نیازی هەڕەشەکردن لە یەکدی وەلا بنێین و وەک لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بە گفتوگۆ بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە درێژخایەنە." هەروەها گوتی، "لە رێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە، دەکرێت باس لە رێکاری کاریگەر بکرێت بۆ راگرتنی پەرەپێدانی تواناکانی کۆریای باکوور لە بواری چەکی ئەتۆمیدا."
ئەم پێشنیازەی سەرۆکی کۆریای باشوور دوای ئەوە دێت، پیۆنگیانگ لەم هەفتەیەدا سەرکۆنەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و کۆریای باشووری کرد و هۆشداریی دا لە گرتنەبەری رێکاری تووندتر.
لە لایەکی دیکەوە، پیۆنگیانگ لە زیادبوونی توانای سەربازیی ژاپۆن لە ناوچەی زەریای هێمن نیگەرانە، بەتایبەت دوای ئەوەی تۆکیۆ بەڵێنی دا تواناکانی بەرگریی خۆی بەهێز بکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ، شرۆڤەکاران دەڵێن پیۆنگیانگ لە بەرامبەر ناردنی سەرباز و تەقەمەنی بۆ جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا، هاوکاریی دارایی، خۆراک، وزە و تەکنەلۆژیای سەربازی لە مۆسکۆوە پێدەگات.
چاوەڕوان دەکرێت کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، لە کۆتایی ئەمساڵدا سەردانی رووسیا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی زیادکردنی هاوئاهەنگییەکانیان.
واشنتن کە هاوپەیمانێکی سەرەکیی کۆریای باشوورە، نزیکەی 28 هەزار و 500 سەربازی لە لەو وڵاتە جێگیر کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی پیۆنگیانگ.



