رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاند. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، بوومەلەرزەکە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان لە ناوچە کەناراوەییەکان.
کاژێر 5:58ی بەیانی رۆژی شەممە 15ی ئابی 2026بە کاتی رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا (کاژێر 11:58 خولەکی شەوی هەینی 14ی ئابی 2026 بە کاتی هەولێر) بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاند.
بێرتۆن سوار پێلیتا پانجایتان، گوتەبێژی ئاژانسی رووداوە نەخوازراوەکانی ئەندۆنیزیا لە جاکارتاوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، تاوەکو ئەم ساتە گیانلەدەستدانی پێنج کەس پشتڕاستکراوەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکان خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی وردترن بۆ راگەیاندنی ئاماری کۆتایی قوربانییان و قەبارەی وێرانیی باڵەخانەکان.
هۆشداریی تسۆنامی و چۆڵکردنی ناوچەکان
دەستبەجێ دوای بوومەلەرزەکە کە چەقەکەی لە کەناراوەکانی دوورگەی فلۆرێس بوو، ئاژانسی کەشناسی و جیۆفیزیکی ئەندۆنیزیا هۆشداریی تسۆنامیی راگەیاند. ئەمەش وایکرد هەزاران کەس بە ترس و دڵەڕاوکێوە بەرەو شوێنە بەرزەکان و گردەکان رابکەن.
عەبدولموحاری، بەرپرس لە ئاژانسی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان، داوای لە دانیشتووانی باکووری فلۆرێس و دوورگەکانی دەوروبەری کرد دەستبەجێ ناوچە کەناراوییەکان چۆڵ بکەن و لانیکەم دوو کیلۆمەتر بەرەو ناو وشکانی بڕۆن یان بچنە سەر گردەکان کە بەرزییان لە 10 مەتر زیاتر بێت. هەرچەندە دواتر هۆشدارییەکە هەڵگیرا، بەڵام شەپۆلی دەریا لە نێوان 19 بۆ 30 سانتیمەتر تۆمارکراوە.
پاشلەرزە توندەکان و دۆخی ناو شارەکان
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ئەندۆنیزیا، بوومەلەرزە سەرەکییەکە لە قووڵاییەکی کەمدا روویداوە و دوای ئەوە چەندین پاشلەرزەی بەهێز ناوچەکەیان هەژاندووە، کە بەهێزترینیان 6.1 پلە بووە.
لوکاس لۆتار، نیشتەجێی شارۆچکەی ماومێرێ کە فەرمانبەری نەخۆشخانەیە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "لەپڕ هەموو شتێک دەستی بە لەرزین کرد و تووشی شۆک بووم. نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە هەڵاتنە دەرەوە، چونکە لەرزەکە زۆر گەورە بوو و دیوارەکان درزیان بردبوو."
یۆهانێس بابۆ، دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەی ناگیکیۆ، باسی لەوە کرد کە لە کاتی بوومەلەرزەکە لە بازاڕ بووە و خەڵک بە شێوەیەکی پشێو بەرەو چیاکان رایان دەکرد.
ئەندۆنیزیا لەسەر بازنەی ئاگر
ئەندۆنیزیا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی و کەوتنی لەسەر "بازنەی ئاگر"ی زەریای هێمن، یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا روودەدات. ئەم رووداوە مێژووی تاڵی بوومەلەرزە پڕ قوربانییەکانی ئەو وڵاتەی وەبیر هێنایەوە، لەوانە:
ساڵی 2004، بوومەلەرزەیەکی 9.1 پلەیی لە کەناراوەکانی سوماترا کە بووە هۆی تسونامییەک و گیانلەدەستدانی 220 هەزار کەس لە ناوچەکەدا 170هەزاریان تەنیا لە ئەندۆنیزیا بوون. ساڵی 2018 بوومەلەرزەیەک لە دوورگەی لۆمبۆک زیاتر لە 550 کەسی کوشت.
ئێستا بەرپرسانی ئەندۆنیزیا بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئاستی ئاوی دەریا و گەڕان لە ناو داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان بۆ دۆزینەوەی قوربانییانی دیکە.

.jpg&w=3840&q=75)

