رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە ماوەیەکی "زۆر نزیکدا" تەنگەی هورمز "وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا" رادەگەیێنێت.
ترەمپ رۆژی هەینی لە شاری گاردن لە ویلایەتی نیویۆرک قسەی بۆ هێزەکانی پۆلیس کرد و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەیان ئابوورییەکی بەهێزی هەیە و ئەو کێشانەی ئێستا هەن بەهۆی جەنگی دژی ئێرانەوەیە کە بە گوتەی خۆی کاتییە و لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت.
ترەمپ گوتی: "ئێران زۆر بە خراپی دەدۆڕێت." دواتر بە پێکەنینەوە گوتی: "لە ماوەیەکی نزیکدا تەنگەی هورمز وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا رادەگەیێنم."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، پێویست بوو جەنگەکە هەڵبگیرسێنێت، بۆئەوەی بە گوتەی خۆی، "ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی."
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەگەر لە حوزەیرانی 2025 بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی2 هێرشیان نەکردبایە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوا تاران دەبووە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی.
ترەمپ ئێرانی بە "گەورەترین وڵاتی پاڵپشتیکاری تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان" ناوبرد. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەمارۆ دەریاییەی خستوویانەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، "وەک دیوارێکی پۆڵایینە."


