رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ژاپۆنی گرتووەتەوە، لانیکەم هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و کارەبای زیاتر لە 20 هەزار ماڵیش بڕا.
تۆشیهیتۆ کوماگای، پارێزگاری پارێزگای چیبا، بەیانیی رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەم دۆخە یەکجار نائاساییە، تەنانەت بەپێی پێوەرە مێژووییەکانی کەشوهەوای ژاپۆنیش. من ئەزموونی مامەڵەکردنم لەگەڵ چەندین کارەساتی سروشتی هەبووە، بەڵام هەرگیز شتی لەم جۆرەم نەبینیوە."
پارێزگای چیبا کەوتووەتە تەنیشت تۆکیۆی پایتەخت و لە پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەوە زیاتر لە 100 ملیمەتر باران لە کاژێرێکدا تێیدا تۆمارکراوە. ئەم بڕە سێ هێندەی تێکڕای بارانبارینی مانگی ئابە و بە بەرزترین رێژەی بارانبارین دادەنرێت تاوەکو ئێستا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمارکرابێت.
لانیکەم هەشت کەس لە ئەنجامی لافاوەکە گیانیان لەدەستداوە. لەنێو مردووەکاندا ژنێک هەیە کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە رێگەیەکی ژێرئاوکەوتوو گیانی لەدەستدا.
ئەم شەپۆلە بارانە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار خێزان و پەککەوتنی گەشتەکانی شەمەندەفەر و داخستنی چەندین شاڕێی سەرەکی.
لە فڕۆکەخانەی نەریتا لە چیبا هەزاران گەشتیار گیریان خواردووە؛ نزیکەی 1800 کەسیش شەویان لەنێو باڵەخانەی پارێزگای چیبا کردەوە.
کەشناسیی ژاپۆن دەڵێت، ئەم بارانە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی هەوایەکی گەرم و شێدار لەگەڵ هەوایەکی سارد لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا دروستبووە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، ژاپۆن و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە لەنێو وەرزی بارانباریندان.
ئەم هەفتەیە هەریەکە لە ژاپۆن، فلیپین و چین رووبەڕووی سێ شەپۆلی بارانبارینی یەک لە دوای یەک بوونەوە. یەکێکیان دوورگەی ئۆکیناوای ژاپۆنی بە تووندی گرتەوە و بووە هۆی بڕانی کارەبای هەزاران ماڵ و لە چینیش دەسەڵاتداران ناچار بوون زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە ماڵەکانیان بگوازنەوە. هاوکات لە فلیپینیش بەهۆی مەترسیی لافاو، قوتابخانەکان و فەرمانگە حکوومییەکان لە باکووری وڵاتەکە داخران.


