رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، هێزەکانیان لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێوەڕاستی تەممووزەوە ئاراستەی 62 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و رێگرییان لێ کردوون هاتووچۆی بەندەرەکانی ئێران بکەن.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانیان لە دەریای عەرەب جێگیرکراون بۆ چاودێریی وردی گەمارۆکە و دەریاوانانی ئەمریکاش لەسەر کەشتیی جەنگیی (یو ئێس ئێس پرینستن) سەرپەرشتیی فڕینی هێلیکۆپتەرەکانی جۆری (ئێم ئێچ-60 ئار سی هۆک) دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەشتییانەی گەمارۆکە دەبەزێنن.
بەپێی سێنتکۆم، لەو کاتەوەی گەمارۆی دەریایی خراوەتەوە سەر بەندەرەکانی ئێران لە نێوەڕاستی تەممووزەوە، ئاراستەی 62 کەشتییان گۆڕیوە، سێ کەشتیی بازرگانییان پەکخستووە و هێزەکانیشیان چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکە بۆ پشکنین و دڵنیابوون لەوەی پابەندن بە یاساکانی گەمارۆکەوە.
مێژووی گەمارۆکان و پێشهاتە نوێیەکان
ئەمە دووەم قۆناخی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانە لەمساڵدا.
پێشتر و لە 13ـی نیسان تاوەکو 18ـی حوزەیران، هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆیەکی تووندیان جێبەجێ کرد کە تێیدا نۆ کەشتی پەکخران و ئاراستەی زیاتر لە 140 کەشتیی دیکەش گۆڕدرا.
دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ، لە 14ـی تەممووزدا واشنتن بڕیاری سەپاندنەوەی گەمارۆکەی دایەوە.
ئێران هەڵگرتنی ئەم گەمارۆیەی سەر بەندەرەکانی کردووەتە مەرجی سەرەکی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
تەنگەی هورمز پێش جەنگ شاڕێی هەناردەی نەوت و گازی جیهان بوو بە جۆرێک نزیکەی 20%ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا هاتووچۆ تێیدا بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن دەستی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەدا گرتووە.
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە ئێستا کۆنترۆڵی تەواوەتی تەنگەی هورمزمان لەدەستە."

