رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بڕیاری دا بە گواستنەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن (USS George Washington) لە زەریای هێمنەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو جێگەی کەشتیی ئەبراهام لینکن (USS Abraham Lincoln) بگرێتەوە، کە زیاتر لە 260 رۆژ بەبێوچان لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا مایەوە.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، راپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد کەشتیی جۆرج واشنتن لە ئاوەکانی ڤێتنام و تەنگەی مەلاکاوە بەرەو زەریای هیندی کەوتووەتە رێ تاوەکو بگاتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەم بڕیارەی پێنتاگۆن ناوچەی هێمن (پاسفیک) بۆ ماوەیەکی نادیار بەبێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی دەهێڵێتەوە.
هەندێک راپۆرتی رۆژنامەوانی باس لەوە دەکەن، کە دۆخی دەروونیی سەربازانی سەر کەشتیی ئەبراهام لینکن باش نەبووە و تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنیش هەبووە. بەڵام پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە راپۆرتەکان لەبارەی کەشتیی لینکن "بە تەواوەتی هەڵەن" و واشنتن دەتوانێت تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوامی بە گەمارۆدانی دەریایی تەنگەی هورمز بدات.
کەشتیی لینکن کە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتووەتە رێ، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە شوباتی ئەمساڵدا تووشی پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوە بووەتەوە. هێزی دەریایی ئەمریکا دانی بەوەدا نا شەڕەکە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە دابینکردنی پێداویستییەکاندا، بەجۆرێک فەرماندەکان ناچار بوون سەرەتا خۆراک، دواتر کەرەستەی پاککەرەوە و پاشان نامەکانی سەربازان بە بەرپرسانی ئەمریکا بگەیێنن.
روبێن گالیگۆ، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی دیموکرات، رەفتارکردن لەگەڵ سەربازانی کەشتییەکەی بە "مەترسیدار" وەسف کرد و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کرد. هاوکات، سیناتۆر ریچارد بلومێنتال لە نامەیەکدا بۆ پێنتاگۆن هۆشداریی دا لە درێژکردنەوەی ناچاریی ئەرکی کەشتییەکان لە جەنگی ئێراندا.
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە سەربازانی نێو کەشتیی لینکن رووبەڕووی گوشاری تووندی دەروونی بوونەتەوە. سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەمریکی ئاشکرای کرد لە سەرەتای مانگی ئابدا سەربازێک لەسەر کەشتییەکە کەوتووەتە نێو دەریاوە و رزگارکراوە، بەڵام سوپا رەتیکردەوە زانیاری بدات لەسەر ئەوەی ئایا هەوڵی خۆکوشتن بووە یان نا.
لەبەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سەربازانی ناو کەشتییەکە لە زیاتر لە 260 رۆژی مانەوەیاندا، 10,000 هێرشیان کردووە.


