رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی داڵاس-فۆرت وۆرس لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا رایگەیاند، پڕۆژەیەکی تایبەت بە دروستکردنی شوێنی دەستنوێژ هەڵگرتن و شوشتنی پێیەکان لە نێو تەوالێتەکانی فڕۆکەخانەکەدا جێبەجێ دەکات. پڕۆژەکە بە بڕی 300 هەزار دۆلار و لە لایەن کەرتی تایبەتەوە دابین دەکرێت.
وردەکاریی پڕۆژەکە و ئامانجە خزمەتگوزارییەکان
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی فەرمانگەی مۆڵەتدان و رێکخستنی ویلایەتی تێکساس کە لە 31ـی تەممووزدا بە فەرمی تۆمارکراون، پڕۆژەکە بریتییە لە زیادکردنی سەکۆی تایبەت بە دەستنوێژ لە نێو تەوالێتەکانی تێرمیناڵی (D)دا، بە شێوەیەک بۆ بەشی پیاوان و ژنان سەکۆی سەربەخۆ دروست دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کارەکانی بەپێی رێنماییەکان تەواو ببن.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە خاوێنهێشتنەوەی تەوالێتەکان و رێگریکردنە لە تەڕبوونی زەوییەکە، دوای ئەوەی گەشتیارانی موسڵمان لە کاتی بەکارهێنانی دەستشۆرە ئاساییەکان بۆ شووشتنی پێیەکانیان، دەبوونە هۆی رژانی ئاو لەسەر زەوییەکە یان زیانگەیشتن بە دەستشۆرەکان.
کاردانەوەکان و ئەزموونی فڕۆکەخانەکانی دیکەی ئەمریکا
ئەم بڕیارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆ و کاردانەوەی جیاواز لە لایەن پارێزگارانی ئەمریکاوە، بەڵام رایان فۆرنیێ، چالاكڤانی راستڕۆی ئەمریکی بەرگریی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند: "ئەمە سەپاندنی هیچ ئایدۆلۆژیایەک نییە، بەڵکو کارگێڕییەکی سادە و ئاسایی فڕۆکەخانەکەیە. لە کاتی شوشتنی پێیەکان لە دەستشۆرە ئاسایییەکاندا، زەوییەکە زۆر تەڕ و خلیسک دەبێ؛ دروستکردنی سەکۆی نزم بۆ دەستنوێژ زەوییەکە بە وشکی دەهێڵێتەوە و ئاسایشی هەمووان دەپارێزێت."
فۆرنیێ ئاماژەی بەوەش کرد فڕۆکەخانەی داڵاس یەکێکە لە قەرەباڵخترین ناوەندەکانی گواستنەوە لە جیهاندا، و فڕۆکەخانە گەورەکانی دیکەی ئەمریکا وەک ئۆهێر لە شیکاگۆ و فڕۆکەخانەی ئیندیاناپۆلیس بۆ ساڵانێکە شوێنی دەستنوێژ و ژووری سەربەخۆیان بۆ پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان دابینکردووە.
فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییە گەورەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بە تایبەتی لە ناوەندە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ئەمریکا و ئەورووپادا، بەردەوام کار بۆ گونجاندنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن تاوەکو رێز لە پێداویستی و کەلتووری گەشتیارانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بگرن.
دابینکردنی شوێنی دەستنوێژ و ژووری نوێژکردن لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکاندا، جیا لەوەی ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ گەشتیارانی موسڵمان، رێگەیەکی کارای ئیدارییشە بۆ پاراستنی پاکخاوێنی و سەلامەتیی گشتیی ناو فڕۆکەخانەکان لە کاتی گواستنەوەی ملیۆنان گەشتیاری رۆژانەدا.


